ئەردۆغان: ھیچ کەسێک ناتوانێت ئیرادەی ئەنجامی سندوقەکانی دەنگدان، پێشکەش بە تیرۆر بکات

ئەردۆغان: ھیچ کەسێک ناتوانێت ئیرادەی ئەنجامی سندوقەکانی دەنگدان، پێشکەش بە تیرۆر بکات
سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، لە رۆژەڤی وڵاتەکەیدا پرسی رۆژھەڵاتی فوڕات ھەیە، پێداگرن لەسەر پاککردنەوەی رۆژھەڵاتی فوڕات.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سه‌رۆكی گشتیی ئاك پارتی و سەرۆک کۆماری تورکیا لە میانی به‌شدارییکردنی له‌ خوانێكدا كه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی لقی قۆنیای ئاك پارتی له‌ناوه‌ندی كۆنگره‌ی سه‌لجوقلو رایگەیاند، "لە رۆژەڤی ئێمەدا، پرسی رۆژھەڵاتی فوڕات ھەیە، پێداگرین لەسەر پاککردنەوەی رۆژھەڵاتی فوڕات".

ئەو پێشھاتانەی لە سوریا و رۆژھەڵاتی دەریای سپی رویانداوە، بۆ وڵاتەکەمان مایەی مان و نەمانە


ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو پێشھاتانەی لە سوریا و رۆژھەڵاتی دەریای سپی رویانداوە، بۆ وڵاتەکەمان مایەی مان و نەمانە، تورکیا بەھیچ شێوەیەک ناتوانێت لە دورەوە سەیری ئەم پرسانە بکات".

ده‌وڵه‌ت هیچ کاتێک به‌ ده‌سته‌وه‌ستان سەیری شاره‌وانییه‌كانی ناكات


لەبارەی دورخستنەوەی سەرۆک شارەوانیەکانی هەدەپە لە باکوری کوردستان ئه‌ردۆغان وتی، "ده‌وڵه‌ت هیچ کاتێک به‌ ده‌سته‌وه‌ستان سەیری شاره‌وانییه‌كانی ناكات ببنه‌ باخچه‌ی پشته‌وه‌ی تیرۆریستان، ھیچ کەسێک ناتوانێت ئیرادەی ئەنجامی سندوقەکانی دەنگدان، پێشکەش بە تیرۆر بکات".

پێشتر دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندیی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیی گەورە شارەکانی ئامەد، وان و مێردین رایگەیاندبو، "هاوسەرۆکانی شارەوانییەکانمان کە لە ئامەد بە ڕێژەی 63%، لە مێردین بە ڕێژەی 56% و لە وان-یش بە ڕێژەی 53%ی دەنگەکان هەڵبژێردران، بەڵام بە فەرمانی درۆ و پاساوە نایاسایى و بێ مافییەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە ئەرکەکانیان دوورخرانەوە".





خەندان
Top