ئەلسائیرون: ئەگەر وەڵامەكانی عەبدولمەهدییمان بە دڵ نەبێت دەبین بە ئۆپۆزسیۆن
حەسەن عاقولی سەرۆكی فراكسیۆنی ئەلسائیرون بە كەناڵی (ئەلعەرەبیە)ی راگەیاند كە فراكسیۆنەكەیان كار لەسەر بانگهێشتكردنی سەرۆك وەزیران دەكەن، چوونیان یان نەچوونیشیان بۆ نێو بەرەی ئۆپۆزسیۆنی حكوومەت بەندە بە وەڵامەكانی سەرۆك وەزیرانەوە.
عاقولی گوتیشی فراكسیۆنەكەیان دەستبەكار بوون بۆ بانگهێشتكردنی سەرۆك وەزیران، پرسیارەكانیشیان بۆ ئامادە كردووە، بە زۆریش لەبارەی دواكەوتنی كارەكانی حكوومەتن لە ئەنجامدانی چاكسازی لە دەزگاكانیدا. ئەگەر سەرۆك وەزیران وەڵامی ئەمانە نەداتەوە، ئەوا دەبن بە ئۆپۆزسیۆن.
سەرۆكی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە مانەوەیان لە بەرەی پشتیوانیكردنی حكوومەتدا بەندە بە دۆسیەكانی خزمەتگوزاری و نەهێشتنی گەندەڵیەوە، لەگەڵ سەقامگیركردنی ئاسایش و هێشتنەوەی چەك بە دەستی دەوڵەت.
