هاوپەیمانان: هەسەدە پشتگیری لە میکانیزمەکانی ئەمریکا و تورکیا دەکات
لە راگەیێندراوێکدا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەڵێت، لەگەڵ هەسەدەدا 225 چەکداری داعشیان لەماوەی 4 مانگی رابردوودا دەستگیرکردوون، هەروەها 2 تۆن تەقەمەنیشیان پووچەڵکردووەتەوە.
ئێریک هیڵ، فەرماندەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەڵێت "هاوبەشەکانمان لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی قورس بۆ لەناوبردنی داعش و داهاتووییەکی بێ ئەو رێکخراوە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامن".
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکردووە، هەسەدە پشتگیری لە میکانیزمە ئەمنییە هاوبەشەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا دەکات، ئەوەش بە لابردنی سەنگەرەکانی و کشاندنەوەی هێز و چەکە قورسەکانی لە سنووری تورکیا و سووریا.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، هەسەدە دەستکردن بە کشانەوەی لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژئاوا و باکووری کوردستان (سووریا - تورکیا) راگەیاند، لەنێویاندا سەرێکانی، ئەوەش دوای رێککەوتنی سەرەتایی واشنتن و ئەنقەرە لەبارەی دروستکردنی ناوچەی ئارام.
تورکیا گومانی لە کشانەوەی هەسەدە لەو ناوچانە هەیە و دەڵێت، پێویستە دەبێ بە چاوی خۆیان کشانەوە هێز و چەکە قورسەکانی یەپەگە ببینن.
خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێت، لەلایەن ئەمریکاوە زانیارییان لەبارەی کشانەوەی یەپەگە و هەڵگرتنی بەشێک لە سەنگەرەکان پێدراوە، بەڵام ئەو زانیارییانە پێویستیان بە پشتڕاستکردنەوە هەیە. گوتیشی "دەمانەوێ تەواوی ئەمانە بەڕوونی و بە چاوی خۆمان ببینین. دیدارەکانمان بەردەوامن".
