ئەردۆغان: دەبێ سەربازەکانمان ناوچەی ئارام کۆنترۆڵبکەن
ئەردۆغان بە پێویستی زانی ناوچەی ئارام لەلایەن سەربازانی تورکیاوە کۆنترۆڵ بکرێت، هەروەها باسی لە پلانی ئەنقەرە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەر رۆژهەڵاتی فورات کرد.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند: "لە بابەتی دەستەواژەی 'ناوچەی ئارام'، دەبینین ئەوەی ئێمە دەیڵێین لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا گوزارشتی لێدەکات بەداخەوە جیاوازییەکەیان زۆرە. ئەگەرچی چەند پێشکەوتنێکی وەکو دروستکردنی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و فڕینی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان هەن. بەڵام ئێمە جگە لە کۆنترۆڵکردنی ناوچەی ئارام لەلایەن سەربازانی خۆمانەوە رەزامەندی بۆ هیچ چارەسەرێکی دیکە نیشان نادەین".
سەرۆککۆماری تورکیا دەشڵێت: "لەبارەی دروستکردنی ناوچەی ئارام لە رۆژهەڵاتی فورات کات و ئارامی زۆرمان نییە. ئەگەر لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا سەربازەکانمان بە شێوەیەکی کرداری دەست بە کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە نەکەن، جگە لە جێبەجێکردنی پلانی ئۆپەراسیۆنی خۆمان، هیچ چارەیەکی دیکەمان نامێنێت".
