هێرشێکی تالیبان تێک شکێندرا و ژمارەیەک چەکداریان کوژران

هێرشێکی تالیبان تێک شکێندرا و ژمارەیەک چەکداریان کوژران
بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان هێرشێکی کردووەتە سەر شاری قەندوز لە باکووری ئەفغانستان، بەڵام هێرشەکە تێک شکێندراوە و ژمارەیەک چەکداریان کوژراون.

عیسمەتوڵڵا مورادی، گوتەبێژی ویلایەتی قەندوز بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 31-8-2019، چەکدارانی تاڵیبان بە چەندین جۆری چەک لە سێ لاوە هەوڵی داگیرکردنی قەندوزیان دا.

عیسمەتوڵڵا مورادی هەروەها رایگەیاندووە، سوپاو هێزە ئەمنییەکان رووبەڕووی چەکدسارانی تاڵیبان بوونەتەوە و توانیویانە هێرشەکە تێک بشکێنن و لانی کەم 15 چەکداری تاڵیبان بکوژن، جگە لە بریندارکردنی ژمارەیەکی دیکە.

تاڵیبان بزووتنەوەیەکی ئیسلامیی توندڕەوەی ئەفغانییە، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەل رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە هەیە و بە یەکێک لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان دادەندرێت.

تاڵیبان لە ساڵی 1994 دروست بووە و لە ساڵی 1996 دەستی بەسەر حوکمڕانیی ئەفغانستاندا گرت و بەهۆی پاڵپشتیکردنی رێکخراوی تیرۆریستیی قاعیدە، ئەمریکا لە ساڵی 2001 حوکمڕانیی تاڵیبانی رووخاند.











باسنيوز
Top