لوبنان پەنابەرانی سووری و رۆژئاوای کوردستان بە زۆر دەنێرێتەوە
نزیکەی 1.5 ملیۆن پەنابەری سووری لە لوبنانن کە 74%یان بەشێوەیەکی نایاسایی لەو وڵاتە نیشتەجێن، بەزۆر گەڕاندنەوەی ئاوارە سوورییەکان رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی نیگەران کردووە و لە راپۆرتێکدا پێیوایە مەترسی لەسەر ژیانی سووریە گەڕاوەکان هەیە و داوا لە حکومەتی لوبنان دەکات ئەو پرۆسەیە رابگرێت.
سەحەر مەندۆر، توێژەری رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی دەڵێت: "هەڵوێستی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی سەبارەت بەم بابەتە بریتییە لەوەی داوا لە حکومەتی لوبنانی دەکەین بەتەواوی پرۆسەی بە زۆر گەڕانەوەی ئاوارەکان رابگرێت، هۆکارەکەی بریتییە لەوەی ئێمە نازانین چۆ چۆنی دەگەڕێنەوە و چارەنووسیان لە سووریا چییە؟ چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و بۆ کوێ دەچن؟ یەکەم شت سەلامەتی و ئارامی و پاراستنیان گرنگە لە دەستبەرکردن و دەستگیرکردن و سەربازی ناچاری ئەمانە سوورییەکان دەترسن رووبەڕووببنەوە کاتێک دەگەڕێنەوە، جگە لەئەمەش مافی دیکە هەیە وەک نیشتەجێبوون و کارێکی شایستە".
دووبارە گەڕانەوەی پەنابەرانی سووریا لە دوای 13ی ئایاری ئەمساڵ دەستپێکردووە ئەمەش دوابەدوای دەرچوونی بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای بەرگری، کە لایەنێکی حکومییە و بەرپرسە لە سیاسەتی بەرگری نیشتمانی، بڕیارەکەش لەسەر هەر کەسێک جێبەجێدەکرێت کە بەشێوەیەکی نایاسایی لە دوای 24ی نیسانی 2019 هاتووەتە لوبنان.
