وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: تاکە وڵاتین دژی ئێران لە عێراق کاردەکەین

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: تاکە وڵاتین دژی ئێران لە عێراق کاردەکەین
ەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەبارەی ئەنجامدانی ژمارەیەك هێرشی ئاسمانیی سوپای وڵاتەکەی بۆ سەر چەند ئامانجێكی دیاریكراو لەنێو عێراق رایگەیاند، تاکە وڵاتین لەعێراق دژی ئێران كاردەكەین.

یسرائیل كاتس، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بەمیدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "ئێرانییەكان دەزانن ئیسرائیل دەتوانێ‌ لەهەر شوێنێك كاربكات كە پێویستی بە دەستوەردان هەبێت".

سەبارەت بە كاركردنی سوپای ئیسرائیل لە عێراق، كاتس گوتی "ئێمە تاکە وڵاتین لەعێراق دژی ئێران كاردەكەین، پێشتریش لە سووریا دژی ئامانجەكانی ئێران كارمانكردووە".

پێنجشەممەی رابردوو 22-8-2019 بنیامین ناتەنیاهوو، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "ئێران دژی ئیسرائیل لە عێراق، یەمەن، سووریا و لوبنان بنكەی دامەزراندووە. ئیسرائیلیش لە عێراق، سووریا و چەندین شوێنی دیكە دژی ئێران كاردەكات".

ناتەنیاهوو ئەوەشی گوت "رێگە نادەم لە هیچ شوێنێك ئێران هەست بە ئاساییش بكات. ئێران وڵاتێكە بیرۆكەی وێرانكردنی ئیسرائیلی بە بنەماكردووە، هەوڵیش دەدات لە هەموو شوێنێك بنكەی سەربازی دامەزرێنێت، ئامانجیشی كاركردنە دژی ئێمە".

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختیکردەوە "لە عێراق كاردەكەین، ئەگەر پێویست بێت یان نا، ئێمە لە كۆمەڵێك بەرە كاردەكەین دژی هەر وڵاتێك کە دەیەوێ‌ وێرانمان بكات".

گوتەکانی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەکاتێکدایە، لە دوو هەفتەی رابردوو ژمارەیەک هێرش لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە عێراق کرانە ئامانج و رۆژنامەی واشنتن پۆستیش لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەو هێرشانە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراون.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممەش حەشدی شەعبی 25-8-2019 رایگەیاند، هێزەکانی لە ناوچەی عەکاشات لە لایەن دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کرانە ئامانج و ئەوەش بووە هۆی کوژرانی دوو چەکداری حەشد و برینداربوونی یەکێکی دیکە.
Top