بەرازیل 44 هەزار سەرباز بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکەی ئەمازۆن رەوانە دەکات
هەرچەندە حکومەتی بەرازیل دەڵێت، ئاگرەکەی کۆنترۆڵکردووە، بەڵام کەمن ئەوانەی باوەڕ بەو بانگەشەیە دەکەن.
یەکێک لەو کەسانەی کە لە هەوڵەکانی حکومەتی بەرازیل بە گومانە، ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسایە، ماکرۆن لە کۆبوونەوەی G-7 بابەتی سووتانی دارستانەکانی ئەمازۆنی وروژاند و بڕی 22 ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاریی بۆ کۆکردەوە. بەڵام سەرۆکی بەرازیل هاوکارییەکەی رەتکردەوە و ماکرۆنی تۆمەتبارکرد بەوەی دەیەوێت لە سەر ئەو کارانەی سەرمایەگوازیی سیاسیی بکات.
سەرۆکی بەرازیل، هۆکاری رەتکردنەوەی یارمەتییەکە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ئەو وڵاتانە دەیانەوێت لەو رێگایانەوە سەروەریی بەرازیل لەسەر ئەمازۆن کەمبکەنەوە و ئەوانیش رۆڵیان لە دیاریکردنی چارەنووسی ئامازۆندا هەبێت.
بە گوێرەی دوایین راپۆرتەکان، ئێستا زیاتر لە 21 هەزار حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە بەردەوامن و رووبەری 500 کیلۆمەتری دووجار دەسووتێت. حکومەتی بەرازیل 44 هەزار سەربازی ناردووە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئاگرەکان؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گومان لە رژدییەتی نیازی حکومەت بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە هەیە، چونکە سەرۆکی بەرازیل لایەنگریی بڕینەوەی دارستانەکە و بەکاربردنی زەوییەکەیەتی بۆ مەبەستی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری.
