هاوپەیمانان: لەگەڵ هاوبەشەکانمان رێگری لە بەهێزبوونەوەی داعش دەکەین
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە راپۆرتی مانگانەیدا دەڵێت، لەگەڵ هێزە هاوبەشەکانی کاردەکات بۆئەوەی رێگەنەدەن داعش ناوچەی لەژێر دەسەڵاتدا بێت و کەرەستەی پێویستیشی بۆ بەهێزبوونەوەی لەبەردەستدا بێت.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هێزە هاوبەشەکانی لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکانیانەوە لە ساڵی 2014، نزیکەی 110 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە دەستی داعش وەرگرتوەتەوە و نزیکەی حەوت ملیۆن و 700 هەزار کەسیان لە "چەوساندنەوەی ژێر دەستی داعش" رزگارکردووە.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەندامانی هاوپەیمانییەکە لەنێوان ئابی 2014 و کۆتایی تەمموزی 2019 دا 34 هەزار و 580 هێرشی ئاسمانییان ئەنجامداوە و بەلایەنی کەمەوە هەزار و 313 کەسی مەدەنی، بێمەبەست و لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کوژراون.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پابەندە بە "یاسای پێکدادانە سەربازییەکان"، ئامانجییەتی رێگە لە هەموو جۆرە زیانێک بگرێت و پێیوایە، لەدەستدانی هەموو تاکێک رووداوێکی تراژیدییە و ئامانجیەتی کاری رژدیش بکات بۆ رێگەگرتن لەوەی ژیانی خەڵک بکەوێتە مەترسییەوە.
