ئەمریکا سزای بەسەر دو تۆڕی کۆمپانیای ئێرانیدا سەپاند
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند سزایان بەسەر دو تۆڕی ئێرانیدا سەپاندوە کە یارمەتی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان داوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە یەکێک لەتۆڕەکان کۆمپانیایەکی خۆی لەهۆنگ کۆنگ بەکارهێناوە بۆ دورخستنەوەی کاریگەری سزا ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر سوپای ئێران.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رونکردنەوەی زیاتری لەبارەی هۆکاری سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کۆمپانیانە داوە و تێیدا هاتوە ئەو تۆڕانە بەناوی خەڵکەوە هێرشیان کردۆتە سەر تەکنۆلۆژیای ئەمریکی و هەوڵی لابردنی سزاکانیان داوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، تۆڕەکەی دیکە بەرهەمی ئەلەمنیۆمی قەدەغەکراو و پێویستیان بۆ پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران دابینکردوە بەناوی چەند کۆمپانیایەکەوە کە سەربە وەزارەتی بەرگری ئێرانن.
ساڵی رابردو حکومەتی ئەمریکا کشانەوەی خۆی لەرێکەوتنە ئەتۆمییەکەی نێوان ئێران و وڵاتانی کاریگەری جیهان راگەیاندو خولێکی دیکەی سزاکانی بەسەر ئەو وڵاتەدا راگەیاند.
