تاڵیبان باسی رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ئەمریکا دەکات

 تاڵیبان باسی رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ئەمریکا دەکات


بزووتنەوەی تیرۆریستی تاڵیبان باسی ”رێککەوتنی کۆتایی“ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا لەبارەی بارودۆخی ئەفغانستان، دەکات.

سوهێل شاهین، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی تاڵیبان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، رایگەیاندووە، مەرجی سەرەکیی بزووتنەوەکەی دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکایە لە ئەفغانستان و بەرپرسانی ئەو وڵاتەش رازی بوونە بەو دەرچوونە.

سوهێل شاهین هەروەها رایگەیاندووە، لە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ئەمریکییەکان نزیک بوونەتەوە، ”بەهیواین بە زووترین کات هەواڵی خۆش بە سەربەخۆخوازانی ئەفغانستان بدەین“.

لە بەرامبەر دەرچوونی هێزە ئەمریکییەکان لە ئەفغانستان، تاڵیبان بەڵێنی بە ئەمریکا داوە رێگا بە دروستبوونی هیچ رێکخراوێکی توندڕەو و تیرۆریستی لەسەر خاکی ئەفغانستان، نەدات.

ماوەی ساڵێکە بەرپرسانی ئەمریکا و تاڵیبان بە چاودێریی حکوومەتی قەتەر، لە دەوحە چەندین کۆبوونەوەیان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ دۆخی ئەفغانستان، ئەنجام داوە.

تاڵیبان بزووتنەوەیەکی ئیسلامیی توندڕەوەی ئەفغانییە، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەل رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە هەیە و بە یەکێک لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان دادەندرێت.

تاڵیبان لە ساڵی 1994 دروست بووە و لە ساڵی 1996 دەستی بەسەر حوکمڕانیی ئەفغانستاندا گرت و بەهۆی پاڵپشتیکردنی رێکخراوی تیرۆریستیی قاعیدە، ئەمریکا لە ساڵی 2001 حوکمڕانیی تاڵیبانی رووخاند.










باسنیوز
Top