بزوتنەوەی تاڵیبان: واشنتن رازیبوە هێزەكانی بكشێنێتەوە

بزوتنەوەی تاڵیبان: واشنتن رازیبوە هێزەكانی بكشێنێتەوە
رێكخراوی چەكداری تاڵیبان رایگەیاند، بەمنزیكانە سەبارەت بە پاشكەشەكردنی هێزە سەربازیەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان رێككەوتنێك واژۆدەكەین.

واشنتن رازیبوە هێزەكانی بكشێنێتەوە


سوهەیل شاهین وتەبێژی نوسینگەی سیاسی رێكخراوی چەكداری تاڵیبان، لەمیانی لێدوانێكیدا دوێنێ دوشەممە رایگەیاند "واشنتن رازیبوە بە كشاندنەوەی هێزە سەربازیەكانی لە ئەفغانستان و چارەسەركرنی كێشەی ئەو ناوچەیە بە شێوەیەكی ئاشتیانە".

وەك لایەنێك مامەڵە لەگەڵ حكومەتی ئەفغانستان دەكەین نەك دەسەڵات


لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە هەنگاوی دواتری تاڵیبان و ئەگەری كۆبونەوەیان لەگەڵ حكومەتی ئەفغانستان، شاهین وتی "بە دڵنیاییەوە پاش كۆتاییهاتنی دانوستانەكان لەگەڵ واشنتن، تاڵیبان لەگەڵ هەمو لایەنەكانی ئەفغانستان كۆدەبینەوە و ئیدارەی ئەفغانستانیش یەكێكە لەو لایەنانە، بەڵام تەنها وەك لایەنێك نەك دەسەڵات".

خوازیارن سەرجەم چین و توێژەكان بەشداری حكومەت بن


ئاماژەی بەوەشكرد "ئەوان خوازیاری حكومەتێكی ئیسلامین لە ئەفغانستان، تێیدا سەرجەم لایەنەكانی ئەفغانستان و سەرجەم چین و توێژەكانی ئەو وڵاتە بەشداریبكەن لە هەمو بوارەكاندا، بۆیە ئەو حكومەتە زۆر بەهێزدەبێت".

كشانەوەی هێزە سەربازیەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان، مەرجی ئەنجامدانی دانوستانەكان بو لە لایەن تاڵیبانەوە، وتەبێژەكەی نوسینگەی سیاسی تاڵیبانیش سەبارەت بە كات و ساتی واژۆكردن و جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكان هیچ زانیاریەكی نەخستەڕو.

ئەو وتانەی سوهەیل شاهین لەكاتێكدایە، پێنجشەممەی رابردو 22ی ئاب، لە دەوحەی پایتەختی قەتەر خولی نۆیەمی كۆبونەوەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكان و تاڵیبان سەبارەت بە بەرقەراركردنی ئاشتی لە ئەفغانستان ئەنجامدرا.

كۆبونەوەكانی ئاشتی نێوان واشنتن-تاڵیبان نزیكەی ساڵێكە بەردەوامی هەیە، بەڵام تا ئێستاش تاڵیبان رەتیدەكاتەوە دانبنێت بە دەسەڵاتی ئێستای ئەفغانستاندا یاخود دانوستانی لەگەڵدا ئەنجامدات.






خەندان
Top