ماکرۆن: ئەوەی فەرەنسا کردوویەتی، قومارنەبووە، بەڵکو هەوڵێک بووە بۆ نێوەندگیریی نێوان ئەمریکا و ئێران

 ماکرۆن: ئەوەی فەرەنسا کردوویەتی، قومارنەبووە، بەڵکو هەوڵێک بووە بۆ نێوەندگیریی نێوان ئەمریکا و ئێران
سەرۆکی فەرەنسا باس لە هەوڵەکانی نێوەندگیریی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکات و، دەڵێ "لەدوای خواردنی ژەمی ئێوارە لەگەڵ ترەمپ، بڕیارمدا وەزیری دەرەوەی ئێران بانگهێشت بکەم و سەرۆکی ئەمریکام لە هاتنەکەی ئاگادارکردەوە".

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کە وڵاتەکەی میوانداریی لووتکەی جی 7ـی ئەمساڵی کرد، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتیدا باس لە رۆڵی فەرەنسا دەکات بۆ لێکدی نزیککردنەوەی ئێران و ئەمریکا و دەڵێ "بەر لە بانگهێشتکردنی زەریف بۆ بیارێزت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکام ئاگادارکردەوە، ئەوەی فەرەنسا کردوویەتی، قومارنەبووە، بەڵکو هەوڵێک بووە بۆ نێوەندگیریی نێوان ئەمریکا و ئێران".

سەرۆکی فەرەنسا لە هەڤپەیڤینەکەیدا ئاماژە بەوەش دەدات، کە گەیشتوونەتە قۆناخێکی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئێران و، هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە بیارێزت، گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتنیان کەمتر کردووەتەوە.

محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو چووە شوێنی کۆبوونەوەکانی جی 7 لە بیارتزی فەرەنسا، کە دۆناڵد ترەمپ و شاندی باڵای ئەمریکاش لەو شارە بوون.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بە سەردانەکەی جەواد زەریف بۆ بیارتز کرد و رایگەیاند، رازیبووە بە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کۆبوونەوەکانی جی7.

دۆناڵد ترەمپ هەروەها گوتی "نامەوێت قسە لەسەر ئەوە بکەم (سەردانی زەریف)، بەڵام دەمزانی دێت و رێزم لەو راستییە گرت کە ئەو دێت و لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن کۆبووەوە. ئێران لە دۆخێکی زۆر خراپدایە، ئەوان لە دۆخێکدان کە دۆخێکی زۆر باش نییە، بەتایبەتی لەڕووی ئابوورییەوە... من دەمەوێت ئێرانێکی زۆر باش هەبێت، زۆر بەهێز بێت، ئێمە چاومان لە گۆڕینی رژێم نییە لە ئێران، ئێوە ئەوەتان بینی کە لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا ئەمە چۆن کاری کردووە، زۆر باش نەبووە، ئێمە دەمانەوێت جارێکی دیکە ئێران دەوڵەمەند بکەینەوە. رێگەیان بدەین دەوڵەمەند بن".





رووداو
Top