ميشال سليمان : چەکی حزبوڵڵا لوبنان بێ هێز دەکات
سەرۆکی پێشووی لوبنان رایدەگەیەنێت، کە چەکی میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی، وڵاتەکەی بێ هێز دەکات.
میشال سلێمان، سەرۆکی پێشووی لوبنان (2008-2014)، بە (سکای نیوز)ی راگەیاندووە، ستراتیجیەتی حزبوڵڵا لەگەڵ ستراتیجیەتی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریی لوبنان ناگونجێ.
میشال سلێمان هەروەها رایگەیاندووە، کە حزبوڵڵا لوبنان دەخاتە بەرەیەکی شەڕەوە، لە کاتێکدا بەپێی رێککەوتنی لایەنە لوبنانییەکان لە 2012، ئەو وڵاتە ناچێتە ناو هیچ بەرەیەکی شەڕەوە.
سەرۆکی پێشووی لوبنان ئامژەی بەوەش کردووە، کە چەکی ئەو میلیشیایە دەوڵەتی لوبنان نەک هەر لە رووی سیاسی و سەربازیی بێ هێز دەکات، بەڵکو لە رووی ئابووریشەوە بێ هێزی دەکات.
حزبوڵڵای لوبنانی، کە خاوەن میلیشیایەکی بەهێزی چەکدارییە، نوێنەرایەتیی پێکهاتەی شیعەمەزهەب دەکات و حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری ئەو حزبەش چەند جارێک رایگەیاندووە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران چەک و پارەی حزبەکەی دابین دەکات.
