ئێران کەشتییەکی سەربازی دەنێرێتە باشووری یەمەن

 ئێران کەشتییەکی سەربازی دەنێرێتە باشووری یەمەن
سوپای ئێران کەشتییەکی سەربازی دەنێرێتە باشووری یەمەن و فەرماندەیەکیش هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات.

محەمەد باقری، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێران رایگەیاندووە، کەشتیی سەربازیی (سەهەند)، گەیشتووەتە کەنداوی عەدە لە باشووری یەمەن.

محەمەد باقری لەبارەی هۆکاری ناردنی ئەو کەشتییە سەربازیەی وڵاتەکەی بۆ کەنداوی عەدەن، رایگەیاندووە، سەهەند رێڕەوی کەشتیوانیی کەنداوی عەدەن و دەریای عومان، دەپارێزێت.

سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، کە کەشتییەک و هەلیکۆپتەرێکی جۆری (خارک) یاوەریی کەشتییە سەربازییەکە دەکەن.

سعودیە و وڵاتانی کەنداو ئێران بە پاڵپشتی سەرەکیی دارایی و سەربازیی میلیشیاکانی ئەساروڵڵا (حوسییەکان)ی یەمەن دادەنێن.

لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی یەمەنەوە، کە لە ساڵی 2011 دەستی پێ کرد، حوسییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆن راگەیاند و لە مانگی ئەیلوولی 2014ش کودەتایان بەسەر حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیاندا کرد و دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەخت و زۆرینەی ناوچەکانی وڵاتەکەیاندا گرت.

حوسییەکان میلیشیایەکی شیعەمەزهەبی یەمەنین. چەندن جار باسیان لەوە کردووە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پاڵپشتیی دارایی و لۆجیستییان دەکات.







باسنیوز
Top