پۆلیسی هەولێر لە سووریا بکوژێکی گەڕاندەوە كوردستان
ھەڤاڵ عەبدولخالق ئامۆزای ئەو کەسەی شەوی ١٧.٨.٢٠١٩ لەسەر شەقامی ١٠٠ مەتری ئۆتۆمبێل لێی دا و دەستبەجێ گیانی لە دەست دا رايگەیاند شۆفێرەکە ئەوكات نەوەستاوە و لە شوێنی رووداوەکە رایكردووە، دواتر پۆلیس و ئاسایش لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە كرد و توانیان سەرەداوی شوێنی بکوژەکەیان بەدەست بخەن.
گوتیشی بکوژەکە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بووە، دوای رووداوەکە لەگەڵ خێزانەکەی ھەولێری بەجێ هێشتووە و گەڕاوەتەوە سووریا.
هەروەها ئاشکرای کرد پۆلیس دوای چەند رۆژێک دەستی بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا گرت کە لە گەڕەکی باداوەی ھەولێر شاردرابووەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممەش تۆمەتبارەكە گەڕێندراوەتەوە ھەولێر و لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراوە و لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە. بڕیاریشە لەم نزیکانە پۆلیسی ھەولێر وردەکاری رووداوەکە ئاشکرا بکات.
ئەو کەسەی ئۆتۆمبێل لێى دا ناوی فەھد حەیدەر بوو، کارمەند بووە لە دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ، شەوانە وهرزشى كردووه و لەو كاتەشدا ئۆتۆمبێلەكە لێی داوە.
باسنيوز
