سوپای ئیسرائیل: رێگەمان لە هێرشێکی بەربڵاوی هێزەکانی ئێران گرت

سوپای ئیسرائیل: رێگەمان لە هێرشێکی بەربڵاوی هێزەکانی ئێران گرت
سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، رێگەیان لە هێرشێکی بەربڵاوی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی هێزەکانی قودسی ئێرانی لە سووریا بۆ سەر وڵاتەکەیان گرتووە.

دوێنی شەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەند پێگەیەکی سەربازییان لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کردە ئامانج. دوا بە دوا هێرشەکان، سوپای ئیسرائیل هۆکاری هێرشەکەی ئاشکرا کرد.

بەگوێرەی تویتێکی سوپای ئیسرائیل، میلیشیا شیعەکان و سوپای قودس پلانیان هەبووە هێرش بکەنەسەر ئیسرائیل، بەڵام سوپای ئیسرائیل رێگری لەو هێرشە کردووە.

لای خۆیەوە، بێنیامین نەتەنیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە تویتێکدا، هێرشەکەی پشتڕاستکردەوە و نووسیویەتی: "لە ئۆپەراسیۆنێکدا، هێرشی قودسی ئێران و میلیشیا شیعەکانمان شکست پێ هێنا".

دەشڵێت: "ئەگەر کەسێک بۆ کوشتنت هەستا، تۆ سەرەتا بیکوژە".

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئیسرائیل بە بۆردومانکردنی جبەخانەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق تۆمەتبار دەکرێت، بەڵام سوپای ئیسرائیل بە فەرمی ئەوەی پشتڕاسنەکردووەتەوە.




K24
Top