سوپای پاسداران تاقیکردنەوەی مووشەکێکی نوێ ئاشکرا دەکات
ئەمڕۆ شەممە 24-8-2019، حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە، ئێران بەردەوام توانا بەرگرییەکانی پێش دەخات.
حوسێن سەلامی بەبێ ئاشکراکردنی هیچ وردەکارییەکی ئەو مووشەکە نوێیە، رایگەیاندووە، رۆژی هەینی 23-8-2019 سوپای پاسداران مووشەکێکی نوێی بە سەرکەوتوویی تاقیکردووەتەوە.
بەهۆی بەردەوام پێشخستنی توانا مووشەکی و ناوکییەکانییەوە، ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی لەگەڵ ئێران کشایەوە و رۆژی 8-4-2019ش سوپای پاسدارانیشی خستە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.
شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.
وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.
باسنيوز
