کەشتییە ئێرانییەکەی دەریای ناوەڕاست پەنا بۆ تورکیا دەبات

کەشتییە ئێرانییەکەی دەریای ناوەڕاست پەنا بۆ تورکیا دەبات
کەشتییە ئێرانییەکەی دەریای سپیی ناوەڕاست، پەنا بۆ بەندەرەکانی تورکیا دەبات.

درەنگانی شەوی یەکشەممە 18-8-2019، کەشتیی (گریس یەک)، کە ناوەکەی بۆ (ئەدریان داریا یەک) گۆڕدراوە، بەندەرەکانی جەبەل تاریقی بەرەو باشوور و ئاوە نێودەوڵەتییەکان، بەجێ هێشت.

کەشتییەکە بەرەو بەندەرەکانی شاری کالاماتای یۆنانی بەڕێ کەوتووە و باس لەوە دەکرێت، کە بە نیازە بە نەوتەکەوە بەرەو سووریا بڕوات.

ئەمریکا هۆشداریی بە یۆنان دابوو، “هەر وڵاتێک هاوکاریی کەشتییەکە بکات، وەک یارمەتیدەری رێکخراوێکی تیرۆریستی، سەیر دەکرێت”.

ئەمڕۆ شەممە 24-8-2019، ئاژانسی (ئەسۆشێیتد پرێس) بڵاوی کردوەتەوە، کە کەشتییە ئێرانییەکە بەرەو بەندەرەکانی تورکیا دەڕوات، بەڵام هێشتا دیار نییە ئەو وڵاتە رێگای لەنگەری دەدا یان نا.

ئەمریکا ئەو کەشتییە بە پێشێڵکردنی سزاکانی سەر سووریا تۆمەتبار دەکات و باس لەوە دەکات، کە بۆ بەرژەوەندیی سوپای پاسداران ئەو نەوتە دەگوازێتەوە، کە سوپای پاسداران خراوەتە ناو لیستی تیرۆری ئەمریکییەوە.

رۆژی 4-7-2019، دەسەڵاتدارانی جەبەل تاریق لە دەریای ناوەڕاست، کە سەر بە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیان، بەتۆمەتی گواستنەوەی نەوت و پارە بۆ رژێمی سووریا، دەستیان بەسەر کەشتیی (گریس یەک)دا گرت و رۆژی پێنجشەممە 15-8-2019، دادگای جەبەل تاریق بڕیاری ئازادکردنی کەشتییەکەی دا.











باسنيوز
Top