له ئێران لە ئاهەنگێکدا ٦١ کچ و کوڕ دەستگیر کران
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە لە شاری "ساری"ی سەر بە پارێزگای مازندەران لە باکووری لە ئاهەنگێکی بەکۆمەڵدا ٢٩ کوڕ و ٣٢ کچ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون.
ماڵپەڕی (فارسیوز)ی سەر بە سوپای پاسداران لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە ئەمڕۆ شەممە ٢٤ی٨ی٢٠١٩ لە ئاهەنگێکی شادی و سەمادا ٦١ کچ و کوڕ دەستگیر کراون کە دەگوترێت جلوبەرگ و پۆشاکی ئەو کەسانە دژی یاسا و ڕێوشوێنەکانی کۆماری ئیسلامی بوون .
هەفتەی رابردووش ١٠ کەس لە ڕیوڕەسمێکی بووک گواستنەوەدا دەستگیر کران و تەلارەکەش داخرا.
دەستێوەردانی هێزە ئەمنی و دامودەزگا دادوەرییەکان لە ژیانی کەسی و تایبەتیی هاووڵاتییانی ئێران یەک لەو پرسانەیە کە لەلایەن ناوەندەکانی مافی مرۆڤەوە ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبێتەوە.
حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران، سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ گوتی: "ئێمە بۆمان نییە لە ژیانی کەسی و تایبەتیی خەڵک دەستێوەردان بکەین و ئازادیی خەڵک تەنیا نابەسترێتەوە بە هەندێ ئاییننامە و بڕیار و سەلیقە و ڕوانگەی هەندێ دامودەزگا و کەسەوە و لەمبارەوە تەنیا یاسا دەتوانێ بڕیار بدات و تەنانەت دەوڵەت و دەزگای دادوەریش بۆیان نییە دەستیوەردان بکەن و تەنیا یاسا دەتوانێ ڕێوشوێن و جاوارچێوە لەمبارەوە دیاری بکات".
باسنیوز
