برایان هووك: ئێران ئێستا سەرقاڵی سزاكانە نەك هێرشكردن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
برایان هووک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە ئێران باسدەکات و سەبارەت بە سزاکانی وڵاتەکەی بۆسەر تاران دەڵێت: "یەکێک لەو فاکتەرانەی کە دەتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر گۆڕینی رەفتارەکان، بریتییە لە رێگریکردن لە گەیشتنی ئەو پارەیە کە ئەوان پێویستیان پێیەتی بۆ ئەنجامدانی ئەو بازرگانییەی کە پێشتر ئەنجامیان دەدا".
نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران رایگەیاند "تەنها لەڕێگەی سزاکانی سەر کەرتی نەوتی ئێران، توانیومانە داهاتی ساڵانەی ئەو وڵاتە بە بڕی زیاتر لە 50 ملیار دۆلار کەمتر بکەینەوە، نەوت گەورەترین سەرچاوەی داهاتی ئەو وڵاتەیە، بەڵام ئێمە هاوکات سزامان بۆسەر بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان و کاڵا پیشەسازییەکان داناوە".
برایان هووک باسی کاریگەرییەکانی سزاکان بەسەر کردەوەکانی ئێران لەدەرەوەی سنوورەکانی دەکات و ئاماژە بەوە دەکات "ئێمە بووینە هۆی ئەوەی وەبەرهێنانی ئەوروپا لە ئێران نەمێنێت و دەبینین ئابووری ئێران چۆن تووشی لاوازی بووە. ئێران ئێستا سەری بە سزاکانیەوە قاڵە و ئێستا ئەو توانایەی نەماوە وەک جاران هێرشەکانی هێزە هاوتەریبەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڕێوەبەرێت. بە بەراورد لەگەڵ دوو ساڵ و نیو لەمەوبەر ئێران لاوازترە، هێزە هاوتەریبەکانیشی لاواز بوون، بۆیە تەنانەت ئەگەر ئێران خۆشی رەفتاری خۆی نەگۆڕێت، ئەوا ئێمە ناچاری دەکەین کە بیگۆڕێت، چونکە پارەی نییە".
سەبارەت بە ناوخۆی ئێرانیش، برایان هووک دەڵێت: "من لەسەرانسەری جیهاندا چاوم بە ئێرانییەکانی تاراوگە کەوتووە، یەک شت هەیە کە جێی سەرنجی منە، ئەویش ئەوەیە ئێرانییەکان لەڕووی ئابوورییەوە جگە لە نێو وڵاتەکەی خۆیاندا لەهەموو وڵاتانی دیکەی جیهاندا گەشەدەکەن".
رووداو
