ئێران.. دوو ئەندام پەرلەمان دەستگیر کران

ئێران.. دوو ئەندام پەرلەمان دەستگیر کران
دوو ئەندام پەرلەمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر و ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کراون.

بەپێی زانیاری میدیاکانی ئێران ئەم هەواڵە لەلایەن ئەندامێکی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێرانیشەوە پشتڕاست کراوەتەوە و ئەو دوو پەرلەمانتارە بەهۆی تێوەگلان لە دۆسیەی کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی "سایپا" دەستگیر کراون.

لە دادگای تاران داوای بارمتەی ١٠ ملیار تمەن بۆ ئازادکردنیان کراوە و بەهۆی ئەوەی توانایی دابینکردنی ئەو بڕە پارەیان نەبووە، ڕەوانەی گرتووخانەی ئێڤینی تاران کراون.

ئەو دوو پەرلەمانتارە بەناوەکانی فەرەیدوون ئەحمەدی و محەمەد عەزیزی و لە لێژنەی پیشەسازی و کانزاکان ئەندامن و بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵیی دارایی لە کۆمپانیای "ئێران خودڕەو" تایبەت بە ئۆتۆمبێل دەستگیر کراون.

هەرچەند چەند سەرچاوەیەک ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو دوو پەرلەمانتارە دوێنێ بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی ئازاد کراون، بەڵام مەحموود سادقی، ئەندام پەرلەمانی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی "ئیلنا" ئاشکرای کردووە هێشتا ئەو دوو پەرلەمانتارە لە گرتووخانە دەستبەرسەن و داوای بارمتەی ١٠ ملیار تمەن بۆ ئازادکردنیان دەکرێت.

دەستگیرکردنی ئەو دوو پەرلەمانتارە لە کاتێکدایە کەلە ڕۆژانی ڕابردوودا "هاشم یەکەزارع"، بەڕیوەبەری کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی "ئێران خودڕەو" بەهۆی گەندەڵیی دارایی دەستگیر کرا و لە ئاستی ئێران و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی زۆری لێ کەوتەوە

ئەم دەستگیرکرانەی لە کاتێکدایە کە ڕۆژێک پێشتر وازی لە کارەکەی هێنابوو.

لەمبارەوە عەلی ڕەبیعی گوتەبێژی دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی گوتی: "هۆکاری دەستگیرکرانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هاشم یەکەزارع" بەبێ هاوئاهەنگی و ڕاوێژ و بە ئەنقەست نرخی ئۆتۆمبێلی گران کردووە".

هاوکات میدیاکانی ئێران ئەوەشیان ئاشکرا کردووە جەواد سولێمانی بەریوەبەری کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی "سایپا" بۆ ماوەی شەش ماگ سەفەری دەرەوەی وڵاتی لێ قەدەغە کراوە.










باسنيوز
Top