سەرۆکی ئەنجومەنی سەروەریی سوودان دەست بەکار دەبێت
ئەمڕۆ چوارشەممە 21-8-2019، فەریقی یەکەم عەبدولفەتاح بورهان، وەک سەرۆکی ئەنجومەنی سەروەریی سوودان لەبەردەم سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی وڵاتەکەی، سوێندی یاسایی خوارد.
هەردوو لایەنی ئەنجومەنی سەربازیی ئینتیقالی و هێزەکانی ئازادی و گۆڕانکاری، رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی ئەنجومەنی سەروەریی سوودان، کە بۆ ماوەی 39 مانگ سەرکردایەتیی وڵات دەکات تا هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێ.
ئەنجومەنەکە لە 11 ئەندام پێک دێت، کە شەشیان مەدەنین و پێنجیشیان سەربازین و فەریقی یەکەم عەبدولفەتاح بورهان سەرۆکایەتیی دەکات.
رۆژی پێنجشەممە 11-4-2019، سوپای سوودان لەسەر کار لادانی عومەر حەسەن بەشیری سەرۆکی وڵاتەکەی راگەیاند و بڕیاری زیندانیکردنی درا.
دوای لەسەرکار لادانی سەرۆکی وڵات، حزبەکەیشی لە دەسەڵات دوور خرایەوە و عومەر بەشیر و دەیان سەرکردە و بەرپرسی ئەو حزبەش خرانە زیندانەوە.
باسنيوز
