سەرۆکی ئەنجومەنی سەروەریی سوودان دەست بەکار دەبێت

سەرۆکی ئەنجومەنی سەروەریی سوودان دەست بەکار دەبێت
سەرۆکی ئەنجومەنی سەروەریی سوودان، کە سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی لە قۆناغی گواستنەوە دەکات، دەست بەکار دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 21-8-2019، فەریقی یەکەم عەبدولفەتاح بورهان، وەک سەرۆکی ئەنجومەنی سەروەریی سوودان لەبەردەم سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی وڵاتەکەی، سوێندی یاسایی خوارد.

هەردوو لایەنی ئەنجومەنی سەربازیی ئینتیقالی و هێزەکانی ئازادی و گۆڕانکاری، رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی ئەنجومەنی سەروەریی سوودان، کە بۆ ماوەی 39 مانگ سەرکردایەتیی وڵات دەکات تا هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێ.

ئەنجومەنەکە لە 11 ئەندام پێک دێت، کە شەشیان مەدەنین و پێنجیشیان سەربازین و فەریقی یەکەم عەبدولفەتاح بورهان سەرۆکایەتیی دەکات.

رۆژی پێنجشەممە 11-4-2019، سوپای سوودان لەسەر کار لادانی عومەر حەسەن بەشیری سەرۆکی وڵاتەکەی راگەیاند و بڕیاری زیندانیکردنی درا.

دوای لەسەرکار لادانی سەرۆکی وڵات، حزبەکەیشی لە دەسەڵات دوور خرایەوە و عومەر بەشیر و دەیان سەرکردە و بەرپرسی ئەو حزبەش خرانە زیندانەوە.










باسنيوز
Top