وەزیری ناوخۆی تورکیا: دانانی هاوسەرۆکی پەکەکە بۆ شارەوانییەکانی هەدەپە قبوڵنەکراوە

 وەزیری ناوخۆی تورکیا: دانانی هاوسەرۆکی پەکەکە بۆ شارەوانییەکانی هەدەپە قبوڵنەکراوە
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایدەگەیێنێت، سیستەمی هاوسەرۆکایەتیی پەکەکە لە تورکیا جێگیرناکرێتەوە و دژی دەستوور و دەوڵەتە. دەشڵێت "یەکێک لە هۆکارەکانی دوورخستەنەوەی سەرۆک شارەوانییەکان هەدەپە بەهۆی دانانی هاوسەرۆک بووە بۆیان لەلایەن پەکەکەوە".

لە پرۆگرامێکی تایبەتی تەلەڤزیۆنیدا سلێمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی تورکیا وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی بە قەییومکردنی سێ سەرۆکی گەورەشارەوانییەکانی ئامەد، مێردین و وان دایەوە.

سۆیڵو رەخنەی لە سیستمی هاوسەرۆکایەتی گرت کە هەدەپە پەیڕەوی دەکات، لەمبارەیەوە گوتی: "سەیرکەن بزانن سەرۆکی شارەوانیی وان چەند رۆژ لە شوێنی خۆیدا بووە؟ هاوسەرۆک کارەکان رایی دەکات".

وەزیری ناوخۆی تورکیا هەروەها وەسفی سیستمی هاوسەرۆکایەتیی کرد و گوتی: "هاوسەرۆک واتا ململانێکردنی دەوڵەت، بە مانای داننەنان بە دەوڵەت دێت. من دەڵێم کە ئەمانە بە پەکەکەوە بەندن. کاری من وەکو وەزیری نێوخۆ خستنەڕووی ئەمانەیە".

سۆیڵو هەروەها رایگەیاند، کە دۆست و ناسیاویان لەو سێ پارێزگایەوە هەیە کە گوتوویانە: "ئێمە دەزانین بەر لە هەڵبژاردنیش سەرۆک شارەوانییەکانی دیاربەکر، وان و ماردین چ کارێکی هەڵەیان کردووە''.

رۆژی دووشەممەی رابردوو 19ی ئابی 2019 بە بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا گەورەشارەوانییەکانی ئامەد، مێردین و وان کە هەدەپە لەڕێگەی دەنگدانی خۆجێیەوە بەدەستیهێنابوون، قەییومیان لە شوێن دانرا.








رووداو
Top