وەزیری ناوخۆی تورکیا: دانانی هاوسەرۆکی پەکەکە بۆ شارەوانییەکانی هەدەپە قبوڵنەکراوە
لە پرۆگرامێکی تایبەتی تەلەڤزیۆنیدا سلێمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی تورکیا وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی بە قەییومکردنی سێ سەرۆکی گەورەشارەوانییەکانی ئامەد، مێردین و وان دایەوە.
سۆیڵو رەخنەی لە سیستمی هاوسەرۆکایەتی گرت کە هەدەپە پەیڕەوی دەکات، لەمبارەیەوە گوتی: "سەیرکەن بزانن سەرۆکی شارەوانیی وان چەند رۆژ لە شوێنی خۆیدا بووە؟ هاوسەرۆک کارەکان رایی دەکات".
وەزیری ناوخۆی تورکیا هەروەها وەسفی سیستمی هاوسەرۆکایەتیی کرد و گوتی: "هاوسەرۆک واتا ململانێکردنی دەوڵەت، بە مانای داننەنان بە دەوڵەت دێت. من دەڵێم کە ئەمانە بە پەکەکەوە بەندن. کاری من وەکو وەزیری نێوخۆ خستنەڕووی ئەمانەیە".
سۆیڵو هەروەها رایگەیاند، کە دۆست و ناسیاویان لەو سێ پارێزگایەوە هەیە کە گوتوویانە: "ئێمە دەزانین بەر لە هەڵبژاردنیش سەرۆک شارەوانییەکانی دیاربەکر، وان و ماردین چ کارێکی هەڵەیان کردووە''.
رۆژی دووشەممەی رابردوو 19ی ئابی 2019 بە بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا گەورەشارەوانییەکانی ئامەد، مێردین و وان کە هەدەپە لەڕێگەی دەنگدانی خۆجێیەوە بەدەستیهێنابوون، قەییومیان لە شوێن دانرا.
رووداو
