مانگی رابردوو بڕی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین 360 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێكدا
سزاكانی ئەمریكا لە رۆژی دووی ئایاری 2019 وە بە تەواوەتی كەوتنە بواری جێبەجێكردنەوە.
رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز) بەدواداچوونی بۆ جموجۆڵی 70 تانكەری ئێرانی لەو رێكەوتەوە كردووە و بۆی دەركەتووە 12 تانكەری ئێرانی لەو ماوەیەدا نەوتیان بۆ چین و دەریای نێوەڕاست گواستووەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، لە مانگی ئایاری 2018 وە دەرچوونی وڵاتەكەی لەو رێككەوتنە ئەتۆمییە راگەیاند كە لە ساڵی 2015 بە واژۆی ئێران و شەش زلهێزی جیهان راگەیەندرا. ئامانج لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە گۆڕینی سروشتی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران لە سەربازییەوە بۆ مەدەنی بوو، لەبەرامبەریشدا سزا ئەتۆمییە نێودەوڵەتییەكان لەسەر ئێران هەڵگیران. تاران هەموو كات رەتیكردووەتەوە بەرنامە ئەتۆمییەكەی سروشتێكی سەربازی هەبووبێ.
ریچارد نیفیو، ئەكادیمیست لە زانكۆی كۆڵۆمبیا و یاریدەدەری ئیدارەی پێشووی ئەمریكا بۆ كاروباری سزاكان، بە رۆژنامەكە دەڵێ: "ناكرێ ئەم جۆرە هەڕەشانە بكەی، لە كاتێكدا ناتوانی جێبەجێیان بكەیت. چونكە ئەمە كۆمەڵێك بڕیاریان بەدوادا دێ كە وادەكەن سزاكان لاواز دیار بن. ئەمە نیشاندەری ئەوەیە دەسەڵاتی ئەمریكا سنوورێكی هەیە و چین و وڵاتانی دیكە دەتوانن بڵێن ئێمە بە رێچكەی ئەمریكادا ناڕۆین".
(نیویۆرك تایمز) بە داتاكانی مەرین ترافیك (هاتوچۆی دەریایی) و ریفینیتفدا چووەتەوە كە هەردووكیان كۆمپانیای خزمەتگوزاری چاودێریی كەشتییەكانن، هەروەها چاوی بە وێنەكانی مانگی دەستكردی تاقیگەكانی پلانێت لەبز كەوتووە.
بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەكان كڕینی نەوت و بەرهەمە نەوتییەكان لە ئێران نایاسایی نییە، بەڵام كۆمپانیا و وڵاتان ترسی ئەوەیان هەیە بەر سزای ئەمریكا بكەون. كۆتایی ساڵی رابردوو، كۆشكی سپی رێگەی بە هەشت وڵات دا بۆ ماوەی شەش مانگ نەوت لە ئێران بكڕن. لە رۆژی 2ی ئایاری 2019 ئەو مۆڵەتە كۆتایی هات و ئەمریكا ئامادە نەبوو درێژی بكاتەوە.
لە نیسانی 2018 ، ئێران رۆژانە 2.5 ملیۆن بەرمیلی هەناردەی دەرەوەی وڵات دەكرد، لە حوزەیرانی ئەمساڵ هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە بۆ نزیكەی 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا دابەزی. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا جەختی لەوە كردووەتەوە كە كڕینی نەوت لە ئێران لایەنی كڕیار رووبەڕووی سزا دەكاتەوە، لە كاتێكدا سیاسەتی ئەمریكا ئەوەیە فرۆشی نەوتی ئێران بگەیەنێتە سفر.
ژاپۆن و كۆریای باشوور لە ترسی سزاكانی ئەمریكا كڕینی نەوتی ئێرانیان راگرت. توركیا كە لەگەڵ سزاكانی سەر ئێراندا ناكۆكە، لە كۆتایی ئایار رایگەیاند كە كڕینی نەوت لە ئێران رادەگرن، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتەكە، چین یەكێكە لەو لایەنانەی لەسەر كڕینی نەوتی ئێران بەردەوامە، ئیدارەی ترەمپیش رێوشوێنی توندی لەدژی ئەو كۆمپانیا چینیانە گرتووەتەبەر كە نەوتی ئێران دەكڕن.
رۆژی 22ی تەمووز، سزای بەسەر كۆمپانیایەكی حكومیی چینیدا بەناوی ژوهای ژێنرۆنگدا سەپاند، لەبەر ئەوەی سزاكانی سەر كەرتی نەوتی ئێرانی پێشێل كردووە. مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە تۆڕی میدیایی (بلومبێرگ)ی گوتبوو كە ئەوان دەزانن ئەم كەشتیانە لە كوێ دەسووڕێنەوە.
نیفیو بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە بۆ ئەوەی ئەمریكا پەتەكە لە ملی كۆمپانیاكان و حكومەتی چین توند بكات، دەبێ سزای بانكی میللیی چین و بانكەكانی دیكەی ئەو وڵاتە بدات كە مامەڵەی بانكی لەگەڵ بانكی ناوەندیی ئێراندا دەكەن، لە لایەكەی دیكەوە ئەمریكا دەبێ سزا بەسەر كۆمپانیایەكی زەبەلاحی وەك سینۆپێكدا بسەپێنێ كە هاوشێوەی ژوهای ژێنرۆنگ مامەڵەی نەوتی لەگەڵ تاراندا دەكات.
بەڵام واشنتن و چین هەر ئێستا لە شەڕێكی بازرگانیی گەورەدان، سزادانی بانك و كۆمپانیا نەوتییە سەرەكییەكانی چین ئەو ململانێیە قورستر دەكات و كاریگەری گەورەی لەسەر دۆخی بازرگانیی جیهانی دەبێ، لە كاتێكدا ترەمپ سوورە لەسەر ئەوەی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆكی چین، ئەو كێشە بازرگانییە چارەسەر بكات.
پێش 2ی ئایار، چین رۆژانە 500 هەزار بەرمیلی لە ئێرانەوە هاوردە دەكرد، مانگی رابردوو بڕی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین 360 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێكدا.
بەگوێرەی بەدواداچوونەكە، لەو دوانزدە كەشتییەی نەوتی ئێرانیان گواستووەتەوە یانزدەیان لەلایەن كۆمپانیای نیشتمانیی تانكەرەكانی ئێرانەوە خاوەندارێتی دەكرێن. لەو كەشتییانە 6 یان بەرەو چین رۆیشتوون و ئەوانی دیكە بەرەو دەریای نێوەڕاست چوون.
تۆم كێنیسن، شرۆڤەكار لە كۆمپانیای (FGE) بۆ راوێژی وزە، بە رۆژنامە ئەمریكییەكەی راگەیاندووە، هەندێكجار تانكەرە ئێرانییەكان لە كاتی جووڵەیاندا سیستەمی ئۆتۆماتیكی ناسینەوەی كەشتییەكە دەكوژێننەوە، بۆ ئەوەی بە جووڵە و شوێنیان نەزانرێ. زۆر كەشتی ئێرانی دوای تێپەڕینیان لە گەرووی سوێس چیدی لەبارەی شوێنی خۆیان راپۆرتیان نەناردووە، بەڵام داتاكانی كەشتیوانی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە نەوتیان لە دیوی رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست باركردووە و دەشێ ئامانجی كۆتاییان سووریا یان توركیا بووبێ.
مانگی رابردوو، هێزی دەریایی بەریتانیا و دەسەڵاتدارانی ئەمنیی بەندەری جەبەلتارق دەستیان بەسەر كەشتییەكی نەوتهەڵگردا گرت و دواتر رایانگەیاند كەشتییەكە نەوتی ئێرانی بۆ سووریا دەگواستەوە. گواستنەوەی نەوت بۆ سووریا نەك هەر پێشێلكردنی سزاكانی ئەمریكایە لەسەر ئێران، بەڵكو پێشێلكردنی سزاكانی ئەوروپاشە لەسەر سووریا.
نیفیو پێیوایە بەردەوامبوونی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین لەوانەیە گوشارەكان لەسەر ئیدارەی ترەمپ زیاتر بكات بۆ ئەوەی لێخۆشبوون بۆ وڵاتانی دیكەش دەربكات، یان رەنگە وڵاتان هانبدات بە نهێنی نەوت لە ئێران بكڕن.
رووداو
