ئۆسترالیاش بە هاوپەیمانیی سەربازیی ئەمریکا لە کەنداو پەیوەست بوو

 ئۆسترالیاش بە هاوپەیمانیی سەربازیی ئەمریکا لە کەنداو پەیوەست بوو
سکات مۆریسۆن، سەرۆکوەزیرانی ئۆسترالیا ڕای گەیاندووە وڵاتەکەی لەسەر داوای ئەمریکا بە هاوپەیمانیی سەربازی لە بەرانبەر (هەڕەشەکانی ئێران) پەیوەست دەبێت کە ئامانجی دابینکردنی ئەمنیەت و ئاسایشی ئاوەکانە لە کەنداو و گەرووی هورمز.



بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (ئێران ئەنترنەشناڵ) سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی٨ی٢٠١٩ ئاشکرای کردووە: "هەڵوێست و سیاسەتی ناسەقامگیری دەبنە مەترسی و هەڕەشە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئوسترالیا لە ناوچەکە".



بە گوتەی مۆریسۆن، دەوڵەتی ئوسترالیا بڕیاری داوە لەڕاستای بەرژەوەندیی نیشتمانیی خۆی، لەگەڵ هاوپیەمانە نێودەوڵەتییەکانی هاوکاری بکات.



برایان هۆک، سەرۆکی گرووپی کاری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوێنێ سێشەممە ئاشکرای کردووە تاکوو ئێستا ٣٠ وڵاتی جۆراوجۆر ئامادەییان دەربڕیوە بە هاوپەیمانیی سەربازیی ئەمریکا بۆ پاراستنی ئاوەکانی کەنداو پەیوەست بن، تاکوو ئیستا بەریتانیا، بەحرێن و ئیسرائیل بە فەرمی پەیوەست بوون.



لە ماوەی دوو مانگی رابردوو و هاوکات لەگەڵ گرژی وئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن، چەندان کەشتیی نەوتهەڵگر لەلایەن ئێران و بەریتانیاوە دەستیان بەسەردا گیرا و چەند کەشتییەکی دیەکش کرانە ئامانج و تەقێندرانەوە و لە بەرانبەریش ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمەز دەکات و ئەمریکاش بۆ پاراستنی ئەمنیەتی کەشتیڕانی و ئاوەکانی کەنداوە هاوپیەمانییەکانی سەربازیی پێکهێناوە.






باسنیوز
Top