ترەمپ بەشێوازی خۆی دانیمارک سزا دەدات

 ترەمپ بەشێوازی خۆی دانیمارک سزا دەدات


بەهۆی رەتکردنەوەی داوایەک، سەرۆکی ئەمریکا بەشێوازی خۆی، دانیمارک سزا دەدات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، دانیمارک وڵاتێکی جوان و گەلێکی باشی هەیە، بەڵام بەهۆی لێدوانی ئەم دواییەی مێتتە فرێدریکسنی سەرۆک وەزیران، ”سەردانەکەم بۆ ئەو وڵاتە دوا دەخەم“.

بڕیار بوو لە سەرەتای مانگی داهاتوو (مانگی 9ـی 2019)، دۆناڵد ترەمپ سەردانێکی فەرمی بۆ دانیمارک ئەنجام بدات.

ترەمپ هەروەها رایگەیاندووە، کە مێتتە فرێدریکسن بەو لێدوانە روونە و راشکاوەی، ”پارەیەکی زۆری بۆ ئەمریکا و وڵاتەکەی خۆی گەڕاندەوە“، وەک ئاماژەیەک بۆ خەرجییەکانی سەردانی خۆی بۆ دانیمارک.

مێتتە فرێدریکسن، سەرۆک وەزیرانی دانیمارک لە دوورگەی گرینلاند، رایگەیاندبوو، داوای دۆناڵد ترەمپ بۆ کڕینی دوورگەی گرینلاند، ”داواکارییەکی گەمژانەیە“.

مێتتە فرێدریکسن هەروەها رایگەیاندووە، گرینلاند موڵکی خەڵکەکەیەتی و بۆ فرۆشتن نییە، ”زۆر بەهیوام ئەو پێشنیازەی دۆناڵد ترەمپ جددی نەبێ“.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو، کە پشتگیریی بیرۆکەی کڕینی دوورگەی گرینلاند لەلایەن وڵاتەکەیەوە لە دانیمارک، دەکات.





باسنیوز
Top