رووسیا هەڕەشە لە تورکیا دەکات

رووسیا هەڕەشە لە تورکیا دەکات
وەزیری دەرەوەی رووسیا هەڕەشە لە تورکیا دەکات و رایدەگەیەنێت، کە وەڵامی هەر دەستدرێژییەک دەدەنەوە.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (سکای نیوز)، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاندووە، سەربازی رووسی لە پارێزگای حەلەب لە باکووری رۆژئاوای سووریا هەن.

سێرگی لاڤرۆڤ هەڕەشەی لە سوپای تورکیا کردووە و رایگەیاندووە، ئەگەر بنکە سەربازییەکانمان بکرێنە ئامانج، بە توندی وەڵام دەدەینەوە.

چەند رۆژێکە سوپای تورکیا لەشکرکێشی بۆ سنووری پارێزگای حەلەب کردووە و سوپای رووسیاش پاڵپشتیی رژێمی سووریا دەکات و داوای دەرچوونی ئەو هێزە تورکییانە دەکات.

رووسیا لەمانگی ئەیلوولی 2015ـەوە بە ناردنی هێزی سەربازی و چەک و تەقەمەنی پشتگیریی رژێمی سووریا لە دژی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکات و بەرگریی لە مانەوەی بەشار ئەسەد لە سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە، دەکات.

لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
Top