نەتانیاهۆ: ئێران لە هیچ شوێنێکی ناوچەکە گەرەنتیی ئەمنیی نابێت
بنیامین نتانیاهۆ ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئێرانییەکان لە هەڕەشەکردن بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوامن، وڵاتێک کە دەڵێت لەناوتان دەبەین، کەواتە ئێمەش لەدژی ئەوان لە هەر شوێنێک کە پێویست بێت هەوڵ دەدەین و دەتوانین لەوەش زیاتر بچینە پێش و بۆ هێرشکردنە ئێران تەنیا خۆمان بە ناوچەیەکی دیاریکراوی جوگرافیاییەوە نابەستینەوە".
نتانیاهۆ کە بۆ دیدارێکی دوو ڕۆژە سەردانی کۆماری ئۆکرانیای کردووە و هاوکات وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیشی لەگەڵە لە پرێس کۆنفرانسێکدا تیشکی خستە سەر چالاییە سەربازییەکانی سوپای وڵاتەکەی.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا هەوڵە سەربازییەکانی ئیسرائیل لەدژی ئێران، سنووری عێراقیش دەگرێتەوە، گوتی: "من لەو هێرشانەدا تەنیا خۆم بە ناوچەیەک یان سنوورێکی دیاریکراوی جوگرافی نەبەستووەتەوە".
مانگی رابردوو و لە ماوەی کەمتر لە دە ڕۆژدا دوو بنکەی سەربازیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی هاوپەیمانی ئێران لە عێراق سەرەتا لە ناوچەی "ئامرلی"ی لە پارێزگای سەڵاحەدین و پاشان بنکەی "ئەبوو محەمەد ئەلمحەمەداوی" (کەمپی پێشووی ئەشرەف" لە پارێزگای دیالە بە چەند مووشەکێکی جێگەی گومان کرانە ئامانج.
باسنيوز
