چارەنووسی پەیوەندیی نێوان توركیا و سودان دوای عومەر بەشیر
لە سەردەمی بەشیردا، توركیا و سودان سەدان رێككەوتنی گەورەی بازرگانیان ئەنجام دا كە رێژەكەی سەرووی ٥ ملیار دۆلار بوو، بۆیە چارەنووسی ئەو رێككەوتنە بە شاراوەیی مایەوە، بەڵام ئەمڕۆ رۆژنامەی (سۆڵ)ی توركی ئاشكرای كرد كە رێككەوتنەكان وەكو خۆیان دەمێننەوە، بە تایبەت كاتێك توركیا دانی بە حكوومەتی سودان دانا.
ئەمڕۆ لە مەراسیمێكدا دەستووری تازەی سوودان ئیمزای لەسەر دەكرێت، مەولوود چاوشئۆغلوش وەزیری دەرەوەی توركیا لەسەر داوای ئەرۆغان بەشدارە لەو مەراسیمەدا، بەڵام بەر لە ئەنجامدانی مەراسیم، كۆبوونەوەیەكی درێژی لەگەڵ عەبدولفەتاح بورهان سەرۆكی كاتی كۆنسەی سەربازی سودان كرد.
دوای كۆبوونەوەكە چاوشئۆغلو كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجام دا و گوتی "ئێمە پێشتریش داوای ئاشتیمان بۆ خەڵكی سودان كردووە، دەستێوەردانمان نەكرد، بەڵام بەردەوام بە برایەكانمان گوتووە كە ئێمە ئارامی ئێوەمان دەوێت. لە كۆتاییدا رێككەوتنێك كراوە كە ٣٩ مانگ حكوومەتێكی كاتی سودان بەڕێوە دەبات و پاشان سودان دەچێتە ناو هەڵبژاردنەوە و داواكاریشین ئاشتییەكی بەردەوام بێتە كایەوە".
عومەر بەشیر سەرۆكی پێشووی سودان بە سەرۆكێكی نزیك لە ئیخوان موسلمین ناوی دەركردبوو و زۆر هاورێی ئەردۆغان بوو، بەڵام كاتێك خۆپیشاندانی جەماوەری دەستی پێكرد و هاووڵاتیان لەسەر تەختی سەرۆكایەتی هێنایانە خوارەوە، ئەردۆغان پشتگیری نەكرد، بەڵام پشتگیری لە لادانیشی نەكرد.
رۆژنامەی (سۆڵ)ی توركی نووسیویەتی كە رێككەوتنەكانی نێوان توركیا و سودان لە سەردەمی عومەر بەشیردا وەكو خۆیان دەمێننەوە.
بەڵام وەكو ئەوەی پێشتر چەند میدیایەكی توركیا بڵاویان كردەوە، دوورگەی سەواقین كە لە سەردەمی بەشیردا رێككەوتنی لەسەر كرا كە بە توركیای بفرۆشێ، ئەو رێككەوتنە هەڵدەوەشێتەوە و بە هیچ شێوەیەك سەواقین نافرۆشرێتە توركیا. ئەگەرچی وەبەرهێنەرەكانی توركیا كار لەو دوورگەیەدا دەكەن و دەیانەوێت بیكەنە شوێنێكی گەشتیاری، بەڵام بە پاڵپشتی سعوودیە و میسر ئەو رێككەوتنە هەڵدەوەشێتەوە.
پارتە سیاسی و لایەنەكانی سوودان رێككەوتوون لەسەر ئەوەی حكوومەتێكی كاتی بۆ سودان دابمەزرێت، بەڵام ئەو حكوومەتە تەمەنی ٣٩ مانگ بێت و پاشان سودان بچێتە ناو هەڵبژاردن و سەرۆكێكی تازە هەڵبژێرن.
باسنيوز
