ژمارەی قوربانییانی تەقینەوەی ئاهەنگەکەی کابوڵ بەرز دەبێتەوە
تەقینەوەیەک لە ئاهەنگێکدا لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان رووی دا و ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان بوونە قوربانی.
تەقینەوەکە ئێوارەی رۆژی شەممە 17-8-2019، لە هۆڵێکدا لەکاتی ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە کابوڵ، رووی داە.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 18-8-2019، وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان رایگەیاندووە، کە ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەست داوە گەیشتووەتە 68 کەس، جگە لە 182 کەسی دیکە، کە بریندار بوون.
هەرچەندە زۆرینەی تەقینەوە و کردە تیرۆریستییەکانی ئەفغانستان لەلایەن بزووتنەوەی تیرۆریستی تاڵیبانەوە ئەنجام دەدرێن، بەڵام تاڵیبان رەتی کردووەتەوە لەو تەقینەوەیەی ناو ئەو ئاهەنگە، بەرپرسیار بێت.
تاڵیبان بزووتنەوەیەکی ئیسلامیی توندڕەوەی ئەفغانییە، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەل رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە هەیە و بە یەکێک لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان دادەندرێت.
تاڵیبان لە ساڵی 1994 دروست بووە و لە ساڵی 1996 دەستی بەسەر حوکمڕانیی ئەفغانستاندا گرت و بەهۆی پاڵپشتیکردنی رێکخراوی تیرۆریستیی قاعیدە، ئەمریکا لە ساڵی 2001 حوکمڕانیی تاڵیبانی رووخاند.
باسنیوز
