لەبریتانیا بون بەپۆلیس مەترسییەکی گەورەیە
بەپێی هەواڵێکی سکای نیوز، لەکاتێکدا لەماوەی ساڵی رابردودا روداوەکانی هێرشکردنە سەر خەڵک بەچەقۆ زۆرترین ئاستی خۆیان تۆمارکردوە و بەڕێژەی لەسەدا 8 زیادیکردوە لەئینگلاند و وێڵز، هاوکات ئەفسەرانی پۆلیس لەو دو ناوچە جوگرافییەی بریتانیای گەورە بەشێوەیەکی بەردەوام دەکرێنە ئامانجی توندوتیژییەکان.
رۆژی پێنجشەممەی رابردو ئەفسەرێکی پۆلیس بەناوی (ئاندریو هارپەر) لەکاتی بەدەمەوەچونی حاڵەتێکی دزیکردن لە ناوچەی بێرکشێر کوژرا.
دواتر پۆلیس 10 کەسی بەتۆمەتی کوشتنی ئەو ئەفسەری پۆلیسە دەستگیرکرد کە لەنێوانیاندا منداڵێکی تەمەن 13 ساڵی تێدابو.
هاوکات سەرەتای ئەم مانگە لەرۆژهەڵاتی لەندەن بەچەقۆ هێرشکرایەسەر ئەفسەرێکی تری پۆلیس لەکاتێکدا سەرقاڵی جێبەجێکردنی کاری ئاسایی خۆی بو، لەئەنجامدا ئەفسەرەکە بەسەختی برینداربو و تائێستاش لەخەستەخانە ماوەتەوە.
بەپێی ئامارەکان کە ئەم هەفتەیە ئاشکراکراون لەگەڵ زیادبونی رێژەی تاوان لەبریتانیادا، هاوکات رۆژانە 28 حاڵەتی هێرشکردنە سەر ئەفسەرانی پۆلیس رودەدات.
هاوکات، تەنها لەماوەی ساڵی رابردودا ( 10,399) ئەفسەری پۆلیس بونەتە قوربانی کە ژمارەیەکیان بەسەختی برینداربون. ئەو رێژەیەش لەسەدا 32 زیاترە لە رێژەی تۆمارکراوی هێرشکردنە سەر ئەفسەرانی پۆلیس لەساڵی 2015-2016.
هەر بەپێی ئامارەکان، تەنها لەماوەی ساڵی رابردودا (20,578) حاڵەتی هێرشکردنە سەر ئەفسەرانی پۆلیس هەبوە کە نەبوەتەهۆی برینداربونیان.
خەندان-
