ئەمریکا کەشتییە ئازادکراوەکەی ئێران دەستبەسەر دەکات
ئەمریکا کەشتییە ئازادکراوەکەی ئێران دەستبەسەر دەکات، کە نەوت و پارەی ”بە نایاسایی“ بۆ رژێمی سووریا دەگواستەوە.
رۆژی 4-7-2019، دەسەڵاتدارانی جەبەل تاریق لە دەریای ناوەڕاست، کە سەر بە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیان، بەتۆمەتی گواستنەوەی نەوت و پارە بۆ رژێمی سووریا، دەستیان بەسەر کەشتیی (گریس یەک)دا گرت و رۆژی پێنجشەممە 15-8-2019، دادگای جەبەل تاریق بڕیاری ئازادکردنی کەشتییەکەی دا.
وەزارەتی دادی ئەمریکی لە راگەیەندراوێکدا، فەرمانی دەستبەسەرکردنی ئەو کەشتییە ئێرانییەی داوە و هۆکارەکەی روون کردووەتەوە.
ئەو کەشتییە ئێرانییە تۆمەتبارە بە هەوڵدان بە چوونە ناو سیستەمی دارایی ئەمریکی بە نایاسایی، ناردنی نەوت و پارە بۆ رژێمی سووریا، کارکردن بۆ سوپای پاسداران، کە لەناو لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان دایە و سپیکردنەوەی پارە، لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریکییەوە فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکراوە.
باسنیوز
