بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی كودەتا لە ئێران ژمارەیەك كەس دەستگیركران
رادیۆ-ی فرادا لە ئێران دوێنێ یەكشەممە رایگەیاند، لانیكەم 10 كەس بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی كودەتا بەسەر حكومەتی ئێستای وڵاتەكەدا، لە شاری مەشهەد لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە دەستگیركراون.
بەپی زانیاریەكانی ئەو رادیۆیە، ئەو كەسانە لەمیانی كۆبونەوەیەكیان پاش دادگاییكردنی هاوڕێیەكیان بەناوی كەمال یەزدی دەستگیركراون، لەكاتێكدا ئەو هاوڕێیەیان یەكێكە لەو 14 چالاكوانەی ئێران كە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا داوایانكردبو عەلی خامنەیی، رابەری بالای شۆڕشی ئێران لە پۆستەكەی دوربخرێتەوە.
هاوكات ئاژانسی فارس نیوز-ی نیمچە فەرمی ئێران ئەو هەواڵەی پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند "ژمارەیەك كەس بە مەبەستی ئەنجامدانی خۆپیشاندان هاتونەتە مەشهەد و لەئەنجامدا لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە دەستگیركراون".
دەسەڵاتدارانی تارانیش ئەو چەند كەسەیان بە "تێكدانی رەوشی سەقامگیری و هەبونی پەیوەندی لەگەڵ گروپە دژەكان بە دەسەڵاتی ئێران" تۆمەتباركرد.
كەمال یەزدی، یەكێكە لەو 14 چالاكوانە ئێرانیەی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە رێگەی راگەیندراوێكەوە داوایانكرد عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئێران لە پۆستەكەی دوربخرێتەوە و دەستوری ولاتەكەش چاكسازی تێدابكرێت.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا داواكراوە، رێگەیەكی نوی لەبەردەم بنیادنانی كۆمارێكی نوێ بكرێتەوە.
خەندان
