رژێمی سووریا هەڵویستی خۆی لەبارەی ناوچەی ئارام لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8-8-2019، وەزارەتی دەرەوەی رژێمی سووریا رایگەیاندووە، دروستکردنی ناوچەی ئارام لە رۆژئاوای کوردستان ”دەستدرێژییەکی روونە لەسەر سەروەریی و یەکێتیی خاکی سووریا“.
وەزارەتی دەرەوەی رژێمی سووریا بە توندی رێککەوتنی ئەمریکا و تورکیای لەوبارەیەوە رەت کردووەتەوە و رایگەیاندووە، رێککەوتنی ئەو دوو دەوڵەتە لەسەر خاکی رۆژئاوای کوردستان پێشێلکردنی یاسا و بنەما نێودەوڵەتییەکانە.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 7-8-2019، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لەگەڵ ئەمریکا لەسەر دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لە رۆژهەڵاتی رووباری فورات لە رۆژئاوای کوردستان، رێککەوتوون.
شەوی چوارشەممە 7-8-2019 (سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە بە کاتی هەولێر)، گوتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاندووە، رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و تورکیا لەبارەی رۆژئاوای کوردستان، بە چەند قۆناغێک جێبەجێ دەکرێ و ئەمریکا ئامادەیە هەندێک کاری تایبەت بە دروستکردنی ناوچە ئارامەکە "بەزوویی" جێبەجێ بکات.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئەمریکا و تورکیا سەنتەرێکی هاوبەش بۆ ئیدارەدانی ناکۆکییەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) و تورکیا، دەکەنەوە.
هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.
باسنيوز
