سوریا: رێککەوتنی ئەمریکا و تورکیا لەبارەی ناوچەی ئارام رەتدەکەینەوە
حکومەتی سوریا رایگەیاند بەتەواوەتی رێکەوتنی نێوان تورکیا و ئەمریکا لەبارەی دروستکردنی ناوچەی ئارام و چۆنیەتی مامەڵەکردنیان لەو ناوچەیە رەتدەکەنەوە و ئەو رێکەوتنەش بەداگیرکاری لەقەڵەمدەدەن.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی سانای سوری، ئەمڕۆ سێشەممە بەرپرسێکی باڵای سوریا لەوەزارەتی دەرەوە ئاشکرایکردوە حکومەتی وڵاتەکەی بەتواوەتی رێکەوتنی راگەیەنراوی نێوان تورکیا و ئەمریکا رەتدەکاتەوە و ناوچەی ئارام بەداگیرکاری دەزانن.
پێشێلکارییەکی رونی یاسا نێودەوڵەتییەکان و دیباجەی سنوریی نەتەوەیەکگرتوەکانە
ئەو بەرپرسە باڵایەی حکومەتی سوریا راشیگەیاندوە، ئەو رێکەوتنەی کە بەناوی " ناوچەی ئارام" ئەنجامیانداوە پێشێلکارییەکی رونی یاسا نێودەوڵەتییەکان و دیباجەی سنوریی نەتەوەیەکگرتوەکانە بەهەنگاوێک دژی سەروەری خاکی وڵاتەکەیانی دەزانن.
دژی داگیرکاری وڵاتەکەیان و لەپێناوی پاراستنی یەکپارچەیی خاکەکەیان تێکۆشاندەکەن
وتوشیەتی، سوپای وڵاتەکەی چۆن توانی روبەروی تیرۆرستان ببێتەوە بەهەمان پەرۆشییەوە دژی داگیرکاری وڵاتەکەیان و لەپێناوی پاراستنی یەکپارچەیی خاکەکەیان تێکۆشاندەکەن.
راشگەیاندوە لەنەتەوە یەکگرتوەکان سکاڵا لەدژی ئەو هەنگاوەی ئەمریکا و تورکیا تۆماردەکەن و داوا لەو رێکخراوەش دەکەن کە ئەو رێکەوتنە ئیدانە بکات.
دوێنێ چوارشەممە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لەلێدوانێکدا ئاشکرایکرد "لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ناوەندێكی كاری هاوبەش پێكدەهێنین تایبەت بە بنیادنانی ناوچەی ئارام لە سوریا و بە پێكهێنانی ئەو ناوەندەش كارەكان دەستبەجێ دەستپێدەكات".
خەندان-
