ئەردۆغان: سەبارەت بە ناوچەی ئارام ناوەندێكی هاوبەش لەگەڵ ئەمریكا پێكدەهێنین
سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، پرۆسەی بنیادنانی ناوچەی ئارام لە رۆژهەڵاتی فورات بە پێكهێنانی ناوەندێكی كاری هاوبەش لەنێوان ویلایەتە یەكگرتوەكان و توركیا دەستپێدەكات.
كارەكان دەستبەجێ دەستپێدەكات
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لەگەڵ هاوتا ئۆكرانیەكەی ئەمڕۆ چوارشەممە لێداونێكی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا و لەمیانی وتەكانیدا ئەردۆغان رایگاند "لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ناوەندێكی كاری هاوبەش پێكدەهێنین تایبەت بە بنیادنانی ناوچەی ئارام لە سوریا و بە پێكهێنانی ئەو ناوەندەش كارەكان دەستبەجێ دەستپێدەكات".
گفتوگۆكان بەردەوامدەبێت
ئاماژەی بەوەشكرد "گفتوگۆكانی نێوان بەرپرسانی سەربازی ویلایەتە یەكگرتوەكان و توركیا بە شێوازێكی ئەرێنی بەڕێوەچوە و هەر بەو شێوەیەش بەردەوامی دەبێت".
من كات و وادەكە دیاریناكەم
سەبارەت بە كات و وادەی دروستكردنی ناوەندە هاوبەشەكەی نێوان واشنتن و ئەنقەرە سەرۆكی توركیا وتی "لە ئێستادا هەنگاو دەنێین، بڕیارمانداوە ئەو ناوەندە كارە هاوبەشە پێكبهێنین، بەڵام من كات و وادە بۆ پێكهێنانی دیاریناكەم".
ئەو لێدوانەی ئەردۆغان لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی بەرگری توركیا لە راگەیەندراوێكیدا وردەكاریەكانی رێككەوتنی بەرپرسانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و توركیای بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەكرد "هەردولا لەسەر بنیادنانی ناوچەی هاوبەش و بەڕێوەبردنی بە هەماهەنگی نێوان واشنتن و ئەنقەرە رێككەوتون".
خەندان
