تورکیا بۆ ئۆپەراسیۆنی ڕۆژهەڵاتی فورات بڕیاری نەفیرعام دەردەکات
لە نامەیەکی فەرمیدا کە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بۆ دامودەزگا فەرمییەکانی "ئاسایش، قایمقامیەت و شارەوانییەکان"ی شار و شارۆچکە سنوورییەکانی هاوسنووری ڕۆژئاوای کوردستان و سووریای ناردووە، داوای لێکردوون خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنی سەر ڕۆژهەڵاتی فورات ئامادە بکەن و ئەمەش بەناوی "نەفیرعام" بە دامودەزگاکان ڕاگەیەندراوە
ئەم بڕیارەی تورکیا لە کاتێکدایە کەلە ڕۆژانەی رابردوودا دوو شاندی باڵای تورکیا و ئەمریکا بۆ گفتوگۆ لەبارەی دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لە ڕۆژهەڵاتی فورات، لە ئەنقەرە پێکەوە کۆ ببوونەوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک.
بەپێی زانیارییەکان لەو کۆبوونەوەیەدا ئەمریکا دوو پێشنیاری کردووە یەکیان ئەو هەرێمە پارێزراوە بە پانایی ١٥ کیلۆمەتر و ١٤٠ کیلۆمەتر دەبێت و پێشنیاری دووەمیش ئەوەیە کە هێزەکانی یەپەگە لەو ناوچە ئارامە نامێنن و لە جێگەیان هێزێکی هاوبەشی تورکی و ئەمریکی چاودێریی ئەو ناوچە ئارامە دەکەن.
سێ ڕۆژ لەمەوبەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ئاشکرای کرد بەمزوانە ئۆپەراسیۆنی سەر ڕۆژئائوای کوردستان و ڕۆژهەڵاتی فۆرات دەست پێدەکەن و خۆشی سەردای ڕۆژهەڵاتی فورات دەکات و ئەمەش کاردانەوەی توندی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکای لێ کەتەوتەوە و ئاشکرای کرد دژی بڕیاری تاکلایەنەی تورکیایە و پێشی پێدگرێت و قەبووڵی ناکات.
بڕیاری "نەفیر عام" (سەفەر بەرلک) کە بۆ کات و دۆخە هەستیار و لەناکاوەکان، لە زۆرێک وڵاتان هەیە و بەرپرسانی باڵا و هێزە سەربازییەکان، جیاواز لە سوپا، دامودەزگا حکوومییەکانی دیکەش بۆ ئۆپراسیۆنی سەربازی ئامادە و تەیار دەکەن و لە کاتی لەناکاودا بەکاریان دەهێنن و لە ەهندێ وڵات هاوکات ئەو کەسانەش کە پێشتر سەربازییان کردووە و ماوەی خزمەتیان تەواو بووە، دیسان بانگی خزمەت دەکرێنەوە و بەناوی "ئیحتیات" دەناسرێت.
باسنيوز
