له ئەفغانستان تەقینەوەیەک روويدا نزیکەی ١٠٠ کەس بوونە قوربانی
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە ئەنجامی تەقینەوەیەک کەلە ناوەندێکی ئەمنیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان لە شاری کابۆل ڕووی داوە، ٩٥ کەس بریندار بوون.
لەمبارەوە نوسرەت ڕەحیمی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە کاتژمێر ٩ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ی٨ی٢٠١٩ مادەی تەقینەوە لەناو ئۆتۆمبێلێک لە ناوەندی شەشەمی ئەمنیی کابول کە شوێنی وەرگرتنی هێزەکانی ئەفغانە، تەقێندراوەتە".
هەر لەمبارەوە وەحیدوڵا مایار گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئەفغانستان لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) بڵاوی کردووەتەوە لەو تەقینەوەیەدا ٩٥ بریندار هێندراوەتە نەخۆشخانەی کابۆل و لەناو بریندارەکاندا هەندێ ژن و مندالێش دەبیندرێت.
گرووپێ تیرۆریستیی تاڵیبان بەرپرسیارێتیی ئەو تەقینەوەی لە ئەستۆ گرتووە و ئیدیعای کردووە ناوەندێکی وەرگرتنی هێزە ئەفغانییەکانی کردووەتە ئامانج.
ناوەندی شەشەمی ئەمنیی کابۆل شوێنێکی قەرەباڵغ و قوتابخانە و ناوەندێکی سەربازیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستانە.
لەو کاتەوە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئەفغانستان دەستی پێکردووە، ڕۆژانە تەقینەوە و کاری توندوتیژی لەو وڵاتە ڕوو دەدات و دوێنێ لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە ناوچەی یازدەی ئەمنیی کابۆل پێنج کەس کوژران و حەوت کەسی دیکەش بریندار بوون.
باسنيوز
