لە ئەڵمانیا ژنێک لە تەمەنی 100 ساڵیدا دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی

 لە ئەڵمانیا ژنێک لە تەمەنی 100 ساڵیدا دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی
لیزل هایزه‌ر لە تەمەنی 100 ساڵیدا بووە بەتەمەنترین نوێنەری خەڵکی ئەڵمانیا، ئەوەش دوای ئەوەی بە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی شارۆچكه‌ی "كیرشهایمبۆلاندن" له‌ هه‌رێمی راینلاند ڤالس هەڵبژێردرا.

هایزه‌ر لە یەکەمین ئەزموونی سیاسی ژیانیدا بووە رۆژەڤ و سوپرایز بۆ خۆی و ئەڵمانییەکانیش، چونکە هەرچەندە کەسێکی دوور لە سیاسەت بووە، بەڵام لە یەکەم خۆبەربژێرکردنیدا زۆرترین دەنگی لیستەکەی بەدەستهێنا.

لیزل هایزه‌ بە رووداوی گوت "من گرووپی (ئێمه‌ بۆ كیبۆ) ده‌ناسم كه‌ گرووپێكی ناحیزبین و ده‌مێكه‌ له‌گه‌ڵیاندا گفتوگۆی سیاسی ده‌كه‌م و بیروبۆچوونمان له‌ یه‌ك ئاستدایه‌. ئه‌وان پرسیاریان لێكردم ئایا ده‌مه‌وێت ‌خۆم بەربژێربكه‌م؟ منیش قبوڵمكرد له‌سه‌ر لیستی 20 دانرام، به‌ڵام ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم نه‌ده‌كرد ئه‌وه‌ بوو له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا كه‌ زۆرترین ده‌نگ بەده‌ستبهێنم".

هایزه‌ر بە 991 ده‌نگ دوو كورسی له‌ كۆی 24 كورسی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانی كیرشهایم بۆلاندن به‌ده‌ستدەهێناوە.

ئەو ژنە تەمەن 100 ساڵە به‌ درێژایی ته‌مه‌نی مامۆستا بووه‌، دایكی چوار منداڵ و داپیرەی هەشت نەوەیە.

هه‌ندێک له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانییەکە پێشتر قوتابی ئەو بوون. هایزه‌ر ده‌یه‌وێت له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵی داهاتوودا ئه‌و به‌ڵێنانه‌ جێبەجێبکات كه‌ له‌ بانگەشەی هه‌ڵبژاردندا به‌ ده‌نگده‌رانی داوه‌.

هازیره‌ر گوتی "من ده‌خوازم به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌و ئاواته‌ به‌ده‌ستبهێنم كه‌ له‌ هه‌مانكاتدا ئاواتی ده‌نگده‌ران واتا خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌ و چوارده‌وره‌كه‌مه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه دووباره‌ ‌مه‌له‌وانگه‌یه‌ك بۆ ئه‌م شاره‌ بكه‌ینه‌وه‌. به‌و بابه‌ته‌ش ده‌ستمکرد به‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن. ته‌ماشاكه‌ مانای دیموكراسی چیه‌ ، دیموكراسی ده‌بێت گه‌ره‌نتی ژیانێكی ته‌ندروستی هاووڵاتی بدات، به‌ڵام ئه‌مانه‌ چی ده‌كه‌ن؟ گرنگ لایان كه‌پیتاڵیزمه‌، ژیانی خه‌ڵك وێرانده‌كه‌ن. بۆیه‌ ده‌بێت دژی بوه‌ستینه‌وه‌ و چالاك بین".

ئەو ژنە چیرۆكی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی جه‌نگی جیهانی و سه‌رده‌می حكومڕانی هیتله‌ری لەبیرماوە. لە سەردەمی هیتلەر کاتێک دژایەتی کۆمەڵکوژی جووەکانی کردووە، لە خوێندنگە و گوندەکەی دوورخراوەتەوە.

هایزه‌ر لە ماڵێکی دوو نهۆمی لەگەڵ کوڕە 62 ساڵانەکەیدا دەژی، بەڵام تاوەکو ئێستاش هەر خۆی هەموو کارەکانی ماڵەوەی دەکات. نهێنی ته‌مه‌ندرێژییەکەی بۆ مەلەوانی و پایسکلسواریی بەردەوام دەگێڕێتەوە.







رووداو
Top