ئێران.. مانگی ڕابردوو ٣٨ کەس لەسێدارە دراون

ئێران.. مانگی ڕابردوو ٣٨ کەس لەسێدارە دراون
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە نوێترین ئاماری خۆیدا ئاشکرای کردووە، لە مانگی ڕابردووی زاییندا لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە 38 کەس لە گرتووخانەکانی ئەو وڵاتە لەسێدارە دراون.

لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێراندا هاتووە، ئەو شەپۆلی سێدارەیە لە مانگی ڕابردووەوە دەستی پێکردووە و لە ماوەی ٢٠ مانگی ڕابردوودا ئەو ڕێژەیە زۆرترین ژمارەی حوکمی سێدارەیە کە لەو وڵاتە جێبەجێ کراوە.

لە ئامارەکەدا هاتووە ٣٧ کەس لەوانەی لەسێدارە دراون، بە نهێنی و لەناو گرتووخانەکان لەسێدارە دراون و یەک کەسیان لە پێش چاوی خەڵک لە پارێزگای "ناوەندی" حوکمی سێدارەکەی جێبەجێ کراوە.

زۆربەی ئەو حوکمی سێدارانە لە گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ بوون کە تێیدا هەشت کەس لەسێدارە دراون و لەناو ئەو ٣٨ کەسە چوار ژن بە تاوانی "کوشتنی بەئەنقەست" لە گرتووخانەکانی "ورمێ، نەوشەهر و مەهاباد" لەسێدارە دراون.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، مانگی ڕابردووی زایینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان 11 بەندکراوی کورد بە تاوانی جۆراوجۆر لە گرتووخانەکانی ڕۆژهەڵات و ئێران لەسێدارە دراون و بەپێی ئەو ئامارە 29٪ی لەسێدارەدراوانی ئێران لە بەندکراوانی کورد پێکهاتوو.










باسنيوز
Top