زەریف: ئەمریکا هۆکاری هەموو ناکۆکییەکانە
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای حکومەتی ئێرانی راگەیاندووە، داواکارییەکانی ئێران لە سەرەتاوە دیار و روونە و چاوەڕوانی زیاترمان لە رێککەوتنی ئەتۆمی نەبووە. ئێران هیچ داواکارییەکی لە دەرەوەی بەندەکانی رێککەوتنەکە نەکردووە.
جەواد زەریف ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر رێککەوتنی ئەتۆمی لەلایەن وڵاتانی ئەندام بەتەواوی جێبەجێنەکرێت، ئێمەش بەهەمان شێوەی ئەوان دەکەین، هەموو کارەکانی ئێمە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمییە. هەموو وڵاتانی ئەندام لە کۆمیسیۆنی هاوبەشی رێککەوتنی ئەتۆمی گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ئەمریکا هۆکاری هەموو ناکۆکییەکانە.
زەریف لەبارەی قۆناخی سێیەمی کەمکردنەوەی پابەندی ئێران بە رێککەوتننامەی ئەتۆمی رایگەیاند، ئەگەر بەڵێنەکانی لایەنی بەشدار لە رێککەوتنی ئەتۆمی جێبەجێ نەکرێت، هەنگاوی دیکەش هەڵدەگرین.
گوتەکانی زەریف لەکاتێکدایە پێنجشەممەی رابردوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەریدا سەپاند، و لە کاردانەوەی سزاکانیشدا زەیف رایگەیاند، ئەمریکا سزای خستووەتە سەرم، چونکە من وەکو هەڕەشە بۆسەر ئەجێنداکانی دەبینێت.
زەریف راشیگەیاند "سوپاس کە بە هەڕەشەیەکی ئەوەندە گەورەم دادەنەن. ئەو سزایانە کاریگەری لەسەر خۆم و خێزانەکەم نییە، چونکە من هیچ موڵک و بەرژەوەندییەکم لە دەرەوەی ئێران نییە".
رووداو -
