باڵیۆزی ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر ئەڵمانیا

باڵیۆزی ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر ئەڵمانیا
باڵیۆزی ئەمریکا بەهۆی رەتکردنەوەی داوایەکی وڵاتەکەی، هێرش دەکاتە سەر ئەڵمانیا.

ریچارد گرینل، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بە رۆژنامەیەکی ئەڵمانی راگەیاندووە، ئەڵمانیا گەورەترین ئابووریی ئەوروپایە و بەهۆی ئەو پێگەیەوە چەند بەرپرسیارێتییەکی نێودەولەتی دەکەوێتە سەر.

ریچارد گرینل هێرشی کردووەتە سەر حکوومەتی ئەڵمانیا بە کەمتەرخەم بەرامبەر لێپرسراوێتییە نێودەوڵەتییەکان تۆمەتباری کردووە و رایگەیاندووە، ”ئەڵمانیا ئەرکێکی لەسەرە و پێویستە وەفاداربێ بەرامبەر ئەو ئەرکە“.

ئەو هێرشەی باڵیۆزی ئەمریکا لە دژی حکوومەتی ئەڵمانیا دوای ئەوە دێت، کە حکوومەتی ئەو وڵاتە داوایەکی ئەمریکای لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، رەت کردەوە.

ئۆلریکە دیمەر، جێگری گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی ئەڵمانیا رایگەیاندووە، وڵاتەکەی داواکاریی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە رێڕەوی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز لە کەنداوی عەرەبی، رەت دەکاتەوە.

پێشتر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی داوای کردووە ئەڵمانیاش بچێتە پاڵ فەرەنسا و بەریتانیا بۆ پاراستنی رێڕەوی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز.

ئەو داوایەی ئەمریکا دوای ئاڵۆزتربوونی رەوشی کەنداوی عەرەبی دێت، کە بەهۆی دەست بەسەرداگرتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگری بەریتانی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، دروست بووە.

پێشتریش ئەمریکا داوای لە ئەڵمانیا کرد هێزێک بنێرێتە رۆژئاوای کوردستان بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە)، بەڵام ئەڵمانیا ئەو داوایەی رەت کردەوە.











باسنيوز
Top