ئەڵمانیا دووەم داواکاریی ئەمریکا رەت دەکاتەوە
حکوومەتی ئەڵمانیا دووەم داواکاریی ئەڵمانیا، کە تایبەت بوو بە گوشارخستنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، رەت دەکاتەوە.
ئۆلریکە دیمەر، جێگری گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی ئەڵمانیا رایگەیاندووە، هەڵوێستی وڵاتەکەی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، تەواو جیاوازە لە هەڵوێستی ئێستای ئەمریکا.
ئۆلریکە دیمەر هەروەها رایگەیاندووە، وڵاتەکەی داواکاریی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە رێڕەوی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز لە کەنداوی عەرەبی، رەت دەکاتەوە، بەڵام حکوومەتی وڵاتەکەی لە ئەگەری بەشداریکردن لە لێژنەی چاودێریی گەرووی هورمز، دەکۆڵێتەوە.
پێشتر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی داوای کردووە ئەڵمانیاش بچێتە پاڵ فەرەنسا و بەریتانیا بۆ پاراستنی رێڕەوی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز.
ئەو داوایەی ئەمریکا دوای ئاڵۆزتربوونی رەوشی کەنداوی عەرەبی دێت، کە بەهۆی دەست بەسەرداگرتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگری بەریتانی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، دروست بووە.
پێشتریش ئەمریکا داوای لە ئەڵمانیا کرد هێزێک بنێرێتە رۆژئاوای کوردستان بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە)، بەڵام ئەڵمانیا ئەو داوایەی رەت کردەوە.
باسنیوز
