ئێران.. سوپای پاسداران لە ئاهەنگێکدا 20 ژنی دەستگیر کرد
بەشی ڕاگەیەندنی سوپای "ئەنسارولحوسێن"ی پارێزگای هەمەدان بڵاوی کردووەتەوە: "لە ئۆپەراسیۆنێکدا 20 ژنیان دەستگیر کردووە کە لە چوارچیوەی تۆڕێکی ئاهەنگ و شادیدا بەتەمای پەرەدان بە شێوازی ژیان و کولتووری ڕۆژئاوایی بوون".
ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئامانج لە ئاهەنگگێڕانی ئەو کۆمەڵە ژنە "ئامانجی دژە کولتووری ئێرانی" و پەرەدان بە شێوازی ژیانی ئەورووپییە کە تێیدا مادە کحوولییەکان بەکار دەهێندرێت و بەکۆمەڵ سەما دەکەن و لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گۆرانیبێژ و سەماکەری تارانی و شارەکانی دیکە بانگهێشت کراون و ئەم جۆرە ئاهەنگانە بە شێوازی وڵاتانی بیانین و دوورن لە فەرهەنگی ئێمەوە و قەدەغەن".
ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەو خانەمانەیان لە تارانەوە بانگهێشتی هەمەدان کردووە و لە باشتری هۆتێلەکان پێشوازییان لێ کراوە تاکوو شێوازی ژیان و جۆری بیرکردنەوە و کولتووری ڕۆژئاواییان فێر بکەن".
بەپێی یاساکانی ئێران کە لەسەر بنەمای شەرع و مەزهەب دانراوە، گێڕانی ئاهەنگی شادیی بەکۆمەڵ کە تێیدا ژن و پیاو هەبێت و هاوکات خواردنەوەی مدە کحوولییەکان قەدەغەیە و ساڵانە بە دەیان حاڵەتی دەستگیرکردنی کچ و کوڕ و ژن و پیاو لە شارە گەورەکانی ئێران بەم بۆنەوە دەستگیر دەکرێن.
پێشێلکردنی سنووری ژیانی تاکەکەسی و لەبەرچاونەگرتنی ماف و ئازادییەکانی خەڵک و بەتایبەت لەناو ماڵ و شوێنی ئاهەنگە گشتیەکان یەک لەو ڕەخنانەیە کە چالاکواننی سیاسی، کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ لە دەزگای دادوەری و ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانی دەگرن.
باسنيوز
