بەرپرسێکی پێشووی حکوومەتی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپا

 بەرپرسێکی پێشووی حکوومەتی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپا
بەپێی زانیاریی ماڵپەڕی "میزان"ی سەر بە دەزگای دادوەریی ئێران، محەمەدعەلی نەجەفی سیاسەمەدار و سەرۆکی پێشووی تاران و سەرپەرشتی پێشووی وەزارەتی پەروەردەی ئێران، کە چەند مانگ لەمەوبەر هاوسەرەکەی خۆی کوشتبوو، حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە.



غوڵامحوسێن ئیسماعیلی، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٩ی٧ی٢٠١٩ گوتەبێژی وەزارەتی دادی ئێران ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە و ڕای گەیاندووە: "محەمەدعەلی نەجەفی، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی "میترا ئوستاد" هاوسەری خۆی حوکمی سێدارەی بۆ بڕاوەتەوە و هاوکات بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، حوکمی دوو ساڵ بەندکرانیشی بۆ بڕاوەتەوە"



هاوکات باسی لەوەش کردووە: "ئەم حوکمە حوکمی یەکلاکەرەوە نییە و لە دادگای پێداچووەنەوە ئەگەری پێداچوونەوە و ناڕەزایی تۆمەتبار هەیە".



پێشتر میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە محەمەدعەلی نەجەفی، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی تاران و سەرپەرشتی پێشووی وەزارەتی پەروەردەی ئێران، بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر لەبەرچاوی کامیرای میدیاکانەوە دانی بەوەدا ناوە کە بەهۆی کێشەی خێزانی دانی بەوەدا ناو هاوسەرەکەی (میترا ئوستاد) کە کوردێکی یارسانی خەڵکی کرماشانە کوشتووە.



محەمەدعەلی نەجەفی کە ساڵی پێشوو لەگەڵ خانمێکی گەنج بەناوی میترا ئوستاد زەماوەندی کردبوو، ببووە یەکێک لە پرسەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو.



هەروەک لە چەند گرتە ڤیدیۆدا دەردەکەوتبوو محەمەدعەلی نەجەفی زۆر ئاسایی و بە جلوبەرگی ڕێکوپێک لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی تاران دانیشتووە و بێ هیچ شڵەژانێک چای دەخواتەوە.



پێشتر هەندێ لە ماڵپەڕ و میدیاکان زانیاریی جۆراوجۆر و دژ بە یەکیان لەبارەی ئەو دۆسیە بڵاو کردوە و ماڵپەڕی "ئینساف‌نیوز" لەمبارەوە بڵاوی کردبوەوە ئەو ڕۆژەی کە میترا ئوستاد، کوژراوە، بڕیار بووە لەگەڵ ئەو ماڵپەڕە دیمانەیەک ساز بکات.



کۆمەڵێک شارەزای یاسا و پارێزەر لەبارەی چۆنیەتیی ئەو دانپێدانانە و نیشاندانی ئامێری کوشتن (دەمانچە) لەبەرچاوی کامیرا و لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە، هەندێ خاڵی نایاساییان خستبووەتە ڕوو.



محەمەدعەلی نەجەفی تاکوو ساڵی 2017 سەرۆکی شارەوانی تاران بووە، بەڵام لەبەر زەخت و گوشار و ململانێی نێوان باڵەکانی حکوومەت دەستی لەکار کێشایەوە.







باسنیوز
Top