عەباس عێراقچی، یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئێران : پێویستە وڵاتانی ئەوروپا بە كردار وتەكانیان بسەلمێنن

 عەباس عێراقچی، یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئێران : پێویستە وڵاتانی ئەوروپا بە كردار وتەكانیان بسەلمێنن
یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ كاروباری سیاسی رایگەیاند، تا ئەوكاتەی داخوازیەكانیان جێبەجێدەكرێت، بەردەوامدەبن لە كەمكردنەوەی پابەندیەكانیان بە رێككەوتنە ئەتۆمیەكەوە.

عەباس عێراقچی، یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئێران پاش كۆبونەوەیەكی نائاسایی لیژنەی رێككەوتننامە ئەتۆمیەكە لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "كێشەیەكی جددی هەیە و پێویستە چارەسەر بكرێت، كۆبونەوەكەش بە شێوەیەكی ئەرێنی ئەنجامدراوە".

سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبونەوەی لیژنەكە كە پێكهاتبو لە نوێنەرانی لایەنەكانی رێككەوتننامە ئەتۆمیەكە عراقچی وتی، "دانوستانەكان بنیادنەربون و سەرجەم لایەنەكان جەختیان لەسەر ئەوە كردوەتەوە هەنگاوەكانیان لە چوارچێوەی رێككەوتننامە ئەتۆمیەكەدا بێت".

عراقچی باسی لە ئەگەری ئەنجامدانی كۆبونەوەی سەرۆك وەزیرانی سەرجەم ئەو وڵاتانە كرد كە واژۆیان لەسەر رێككەوتننامە ئەتۆمیەكە هەیە و رونیکردەوە، "هەندێك رێكاری سەرەتایی لەوبارەیەوە ئەنجامدراوە و پێدەچێت لەسەر ئاستی شارەزایان كۆبونەوەی دیكە ئەنجامبدرێت، ئەوەش هاوكاردەبێت بۆ گەیشتن بە ئەنجامی جددی لەكاتی چاوپێكەوتنی سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتانەدا".

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا عراقچی رایگەیاند، "ئێران تەنها وتەی ناوێت و پێویستە وڵاتانی ئەوروپا بە كردار وتەكانیان بسەلمێنن، تا ئەو كاتەی داواكاریەكانمان جێبەجێدەكرێت بەردەوامدەبین لە كەمكردنەوەی پابندیەكانمان بە رێككەوتننامە ئەتۆمیەكە".






خەندان-
Top