تەرمی سەرۆکی تونس بە ئامادەبوونی دەیان سەرۆک و سەرکردە بەخاک دەسپێردرێت
تەرمی سەرۆکی تونس بە ئامادەبوونی دەیان سەرۆک و سەرکردەی جیهانی، لە پایتەختی وڵاتەکەیدا، بەخاک دەسپێردرێت.
رۆژی پێنجشەممە 25-7-2019، سەرۆکایەتیی کۆماری تونس رایگەیاند، باجی قائید سەبسی، سەرۆکی تونس لە کاتژمێر 10:25 خولەک، کۆچی دوایی کرد.
بڕیارە کاتژمێر 11ـی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 27-7-2019 (کاتژمێر 1ـی دوای نیوەڕۆ بەکاتی هەولێر)، تەرمی باجی قاید سەبسی لە ڕێوڕەسمێکی گەورەدا، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی قرتاج بەرەو گۆڕستانی جەلاز لە تونسی پایتەخت، ببرێت.
بڕیارە ژمارەیەک سەرۆک و سەرکردەی باڵای جیهان بەشداریی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی سەرۆکی تونس بکەن، کە بەشێکیان بریتین لە؛
- ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا.
- شا فیلیپی شەشەم، شای ئیسپانیا.
- مەحمود عەباس، سەرۆکی فەلەستین.
- فوئاد ئاکتای، جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا.
- رەزا دەهقانی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران.
سەبسی لە ساڵی 1926 لە شاری سیدی بوسەعید لە دایک ببوو. وەک چوارەم سەرۆک کۆماری تونس لە 2014 دەست بەکار بوو.
باسنيوز
